ئەکسیۆس: کورد لەبەردەم گەورەترین تاقیکردنەوەی وجودیی خۆیدایە

باشووری کوردستان لەبەردەم گەورەترین تاقیکردنەوەی مێژوویی خۆیدایەتی، کورد لەبەردەم دوو بژاردەدایە، چوونە بەرەی ئێران یاخود هەڵبژاردنی بەرەی ئەمریکا، بۆهەردوو بژاردەکەش زنجیرەیەک ڕیسک و تەڵەی بە مین چێندراو هەن.

پێگەی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاویکردەوە، کورد نایەوێت ببێت بە سەرە ڕمی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئەو بەرپرسە پشتڕاستیکردوەتەوە کە ئێستا کورد خراوەتە بەردەم دوو بژاردەوە. هەرچەندە بژاردەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کورد روون نین، ئەوان هێشتا لەبیریان ناچێتەوە ئەمریکا لە باشووری کوردستان و دواتریش لە ڕۆژئاوای کوردستان پشتی لە کورد کرد.

ڕۆژی هەینی ئێران لەسەر ئاستی باڵا هەڕەشەی لە کورد کرد ئەگەربێتوو سنورەکانیان بۆ حزبەکانی ڕۆژهەڵات بکەنەوە، ئێران ژێرخانی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج. هەرێمی کوردستان کە هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆیە لە عێراق، شانازی بەوەوە دەکات توانیویەتی لەیەککاتدا پەیوەندییە دیبلۆماسیەکانی لەگەڵ تاران و واشنتۆنیش ڕابگرێت. بەڵام حکومەتی ئێران ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە چەکدارە کوردەکانی ئێران لەودیو سنوورەوە، تۆنی دۆستانەی خۆی گۆڕی.

عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، بەرپرسی ئەنجوومەنی بەرگریی ئێران لە بەیاننامەیەکی نووسراودا وتی: “ئەگەر ڕێگە بە بەردەوامی و پیلانگێڕییەکانیان بدرێت، یان ئەگەر ئەو گرووپانە یان هاوشێوەکانیان لە ڕێگەی هەرێمەوە بچنە سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی، هەموو ژێرخانی هەرێمی کوردستان بە قەبارەیەکی بەرفراوان دەکرێنە ئامانج”.

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەی بۆ پێگەی ئەکسیۆس-ی ئەمریکی کردووە و گوتویەتی: ئێران پێویستیان بە مووشەکی هایپەرسۆنیک نییە بۆ ئەوەی ئازارمان بدەن، 200 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید دەتوانن زیانێکی زۆر بگەیەنن، ئێمە سیستمی بەرگری ئاسمانیمان نییە، هیچ ڕێگایەکمان نییە بۆ ئەوەی درۆن و مووشەکەکانی ئەوان بخەینە خوارەوە”.

ئەو بەرپرسە گوتوشیەتی:”بەدڵنیاییەوە ئێمە وەک کوردی باشووری کوردستان بێلایەن دەمێنینەوە، چونکە هیچ ڕوونکردنەوەیەک بۆ ئێمە نییە لەسەر ئەوەی سیاسەتی ئەمریکا چییە. ئایا گۆڕینی تەواوەتی ڕژێمی ئێرانە؟ یان تەنیا گۆڕینی بەرپرسەکانیانە؟ هەڵسەنگاندنی ئەو بەرپرسە کوردە ئەوەیە: بەبێ ناردنی سەرباز لەسەر زەوی، گۆڕینی ڕژێمی ئێران ڕوونادات، ئەمریکاش نایەوێت سەرباز بنێرێت.

ترامپ دوای دەستپێکردنی شەڕەکە ڕۆژی شەممە لەگەڵ دوو سەرکردەی کورد لە باشووری کوردستان قسەی کرد، بەڵام نەیتوانی پشتیوانیان بۆ لەشکرکێشییەکە بەدەست بهێنێت.

هەرچەندە ئیسرائیل و ئەمریکا پێکەوە هێرش دەکەن، بەڵام بەرژەوەندی و چالاکییەکانیان لە ئێران و عێراق لە شوێنەکاندا جیاوازن. ئەو بەرپرسە کوردە دەڵێت: ئیسرائیل زۆر شەڕانگێزترە لەم بارەیەوە، چ لە لایەنی سەربازییەوە، چ لە ڕووی پاڵنانی کوردانی ڕۆژهەڵات بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لەم شەڕە، ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ بەڵگەیەکی نەبینیوە لەسەر هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ چەکدارکردن یان هاندانی کورد بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.

هاوکات سەرچاوەیەکی سیاسی کورد ڕایگەیاندووە، سەرکردە کوردەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاریانداوە لە شەڕەکەدا بێلایەن بن، بەشێکیش لەبەر ئەوەی نیگەرانن لەوەی لە کاتێکدا ئەمریکا دەستبەرداریان بێت. ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: “ئێمە پرسی لەدەستدانی متمانەمان لە ڕابردووەوە هەیە و نامانەوێت تێوەبگلێین، کێ بەرگریمان لێدەکات ئەگەر ڕژێمی ئێران لە کۆتاییدا لەم دۆخە ڕزگاری بوو؟

کوردەکانی هەرێمی کوردستان پێیانوایە، کوردانی ڕۆژهەڵات بەقەد براکانیان کە لە سوریا شەڕیان کردووە “بۆ جەنگ ئامادە نین”، مەشقی سەربازی و ژمارە و کەرەستەی سەربازییان نییە بۆ دانانی هێزێکی لەشکرکێشی کاریگەر.

بەرپرسانی کورد دەڵێن پێشبینی دەکەن لە چەند هەفتەی داهاتوودا ترەمپ لە ئێران بکشێتەوە. یەکێک لە بەرپرسە کوردەکان بە ئەکسیۆس-ی گوتووە: ئێرانییەکان هەزاران ساڵە سەبریان بنیات ناوە، ئەوان دەزانن کە ڕەنگە لە یەک دوو ساڵی داهاتوودا سەرۆکێکی نوێ لە ئەمریکا بێت و کێ دەزانێت چی لە ئیسرائیل ڕوودەدات، بۆیە دەیانەوێت درێژە بەم دۆخە بدەن”.

 

 

Back to top button