بەغدا داوای ڕادەستکردنی سەرکردەیەکی سوننەکان لە هەولێر دەکات

 

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە نوسراوێکی فەرمی داوا لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر دەکات، فەرمانی دەستگیرکردنی مەشعان جبووری، سەرکردەی سوننەکان جێبەجێ بکات.

مەشعان جبووری یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی سوننە، لەسەر داوای محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ-یش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ مەشعان جبووریی دەرکردووە. ناوبراو ئێستا لە هەولێر نیشتەجێیە.

دەستەی سەرپەرشتیی دادوەریی لە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق نوسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر کردووە و دەڵێت، لەبەر ڕۆشنایی ئەو لیژنەیەی لەنێوان دەسەڵاتی دادوەریی عێراق و ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، بۆ بەدواداچوون لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگاکانی عێراق دروستکراوە، داوا لە هەرێمی کوردستان دەکەن جبووریی ڕادەستی بەغدا بکات.

سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، کێشەی مەشعان جبووریی سیاسییە وەك لەوەی یاسایی بێت، ئەوان نابنە بەشێک لەو کێشەیە و مەشعان جبووریی ڕادەستی بەغدا ناکەن، وەك سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر گوتی: هەوڵەکەی حەلبووسی بۆ ئیحراجکردنی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی وای نشانبدات، هەولێر داڵدەی تۆمەتبار و داواکراوان دەدات.

 

Back to top button