
لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، گوتاری سیاسیی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆوە بینی. ئەگەر تا دوێنێ سەرکردایەتی کورد جەختی لەسەر “دوورخستنەوەی هەرێم لە ململانێکان” و “بێلایەنی” دەکردەوە، ئەوا گوتەکانی ئەمڕۆی بارزانی باوک و تاڵەبانی کوڕ ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئارامیی کورد بەرامبەر ئەو هێرشانە گەیشتووەتە خاڵی کۆتایی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی “کورد مۆنیتەر” لە سەرەتای دەسپێکی هێرشە درۆنیی و موشەکییەکانی سەر هەرێم بەرپرسانی کورد پشت ئەستور بە هەڕەشەکانی بەرپرسانی تاران وایان دەزانی زۆربەی هێرشەکان سەرچاوەکەی لە ئێرانەوەیە. بەڵام ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر پێچەوانە بووە و دەرکەوتووە زۆرینەی زۆری هێرشەکانی سەر هەولێر و سلێمانی سەرچاوەکەی گروپەکانی “حەشدی شەعبی” بوون، ئەمەش بەرپرسانی هەرێمی توڕە کردووە.
فراونبونی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی سەر هەرێم مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی هێنایە سەرخەت و لە راگەیاندراوێکی تونددا هێرشەکانی وەک “شەڕفرۆشتن” وەسف کرد و هۆشداریی توندیشی دا کە دەبیت هەموو لایەک بزانن دانبەخۆداگرتنی کورد سنووری هەیە. هاوکات سەرچاوەی هیرشەکانیشی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: هەمان ئەو گروپانەن کە لەژێر ناوی “بەرەی موقاوەمە” لە عێراق کاردەکەن.
دوبەدوای بەیاننامەکەی سەرۆکی پارتی، بافڵ تاڵەبانی لە راگەیاندراوێکی توندتردا بەغدای خستە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و ڕایگەیاند، کە ناوی ئەو لایەنانەی هێرشەکانیان ئەنجامداوە دراوەتە بەغدا و ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر ڕێکاری جددی نەگیرێتەبەر، ئەوا هەرێمی کوردستان بەو شێوەیەی پێویستە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکات و وەڵام دەداتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی هەریمی کوردستان وەڵامی هێرشە درۆنییەکان دەداتەوە.
کورد مۆنیتەر زانیوێتی: ئەوەی بووەتە هۆی توڕەبون و گۆڕانکاری لە لێدوانەکانی سەرکردایەتی کورد، بێدەنگی بەغدایە؛ بەو پێیەی بەرپرسانی کورد ماوەی دوو رۆژە لەسەر ئاستی باڵا هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان خستووەتەگەڕ و لە پەیوەندی بەردەوامدابوون لەگەڵ بەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان، بەڵام تا ئەم ساتە نە حکومەتی فیدراڵ و نە بەرپرسانی شیعە جگە لە “بەڵێنی سەرزارەکی”، هیچ هەنگاوێکی کردارییان بۆ ڕێگری لە هێرشەکان نەناوە.
لەلایەکی دیکەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت لە میانی بەشداریکردن لە پرسەی یەکێک لە قوربانیانی هێرشەکە، بەغدای بە هاوکاریکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکان تۆمەتبارکرد و ڕایگەیاند: بە هیچ جۆرێک قبووڵ ناکەین ئەم هێرشانە بەردەوام بن و خوێنی شەهیدانی ئێمە بە فیڕۆ بڕوات، تا ئێستاش ئەو گرووپانەی ئەم کارانە دەکەن، لەلایەن حکوومەتی بەغداوە پارەدار دەکرێن و مووچە و چەکیان پێدەدرێت.
سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە “کورد مۆنیتەر”ی ڕاگەیاند: هەرچەندە هەرێم بڕیاری بێلایەنی داوە لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەڵام کردنە ئامانجی ژێرخانی ئابووریی هەرێم و تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ هێڵی سورە و لە هیچ لایەن و گروپێک قبوڵ ناکرێت، هاوکات تێکشکانی سەکۆی هەڵدانی موشەکەکانی دەشتی موسڵ لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، پەیامێکی روون بوو بۆ هەمووان کە چیتر هەرێم دەستەوەستان نابێت و وەڵامی ئەو گروپانە دەداتەوە.
وادیارە سەبر و تەحەمولی هەرێمی بەرامبەر بەغدا گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی. پەیامی ئەمڕۆی هەولێر و سلێمانی ڕوونبوو ئەگەر حکومەتی عێراق ڕێگری لەو گرووپە چەکدارانە نەکات کە سەقامگیری و ژێرخانی ئابوری دەکەنە ئامانج ناچار دەبن بۆ پاراستنی خۆیان، ڕێگەی تر بگرێتەبەر و بە کردەیی وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە.





