
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ئەمشەو کۆدەبنەوە بۆ بڕیاردان لە کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق. کۆبوونەوەکە بە چارەنوسساز ناودەبرێت و چاوەڕێدەکرێت بڕیاری کۆتایی تیادا بدرێت.
کۆبوونەوەکە لەماڵی همام حمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق ئەنجامدەدرێت، تێیدا بڕیار لە مانەوە یاخود کشانەوەی نوری مالکی، کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران دەدرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تایبەت دەست کورد مۆنیتەر کەوتووە، لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا دوو کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجامدراوە، یەکەمیان کۆبوونەوەی عەمار حەکیم، قەیس خەزعەلی و سودانی بووە، دووەمیان کۆبوونەوەی نوری مالکی، موحسن مەندەلاوی و همام حمودی بووە، لەو کۆبوونەوەیەی کۆتایدا ئەبو فەدک مەحمەداوی، سەرۆکی ئەرکانی حەشدی شەعبی بەشداریی کردووە، ئەوەش یەکەمجارە سەرکردەیەکی باڵای حەشد بەشداریی لەکۆبوونەوەیەکی سیاسی یەکلاکەرەوەدا بکات.
ئێستا لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دوو بۆچوون دروستبووە، یەکەمیان داوا دەکات ناوێکی دیکە لەدەرەوەی ناوی ئەو کەسانە پێشکەشبکرێت، کە پێشتر بۆ کاندیدی سەرۆک وەزیران خرابوونە ڕوو، بۆچوونی دووەمیش پشتیوانیی لە محەمەد شیاع سودانی دەکات بۆ وەرگرتنی ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق.





