
لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکان بۆسەر کۆماری ئیسلامی ئێران و بۆردومانکردنی بارەگاکانی سوپای پاسداران لە شارە کوردییەکان، بەرپرسێکی باڵای حزبەکانی رۆژهەڵات دەڵێت: سەرجەم هێز و فەرماندەکانمان گەڕاونەتەوە سەنگەرەکان و ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی راپەرینی جەماوەریی تەواوبون و چاوەڕوانی ئەمریکا و هاوپەیمانانین.
ئەمجەد حسێن پەناهی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی “کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان” تایبەت بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند: بەو پێیەی دەمانزانی لە دوای شۆڕشی ژیناوە شۆڕش و خۆپیشاندانی دیکە ئێران دەگرێتەوە بۆ ئەو مەبەستە ماوەی دوو ساڵە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئامادەکارییمان بۆ ئەنجامدانی شۆڕشی جەماوەریی لە شارە کوردییەکانی ئێران دەستپێکردوە.
بەرپرسەکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەڵێت: هەرچەندە رژێمی ئێران گورزی گەورەی بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا خاوەنی سوپایەکی بەهێز و چەندین چەکی قورسە، هەربۆیە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکیشان و حزبەکانی دیکە بەدوای دەرفەتێکی گونجاودا دەگەڕێین بۆ ئەنجامدانی راپەرینی سەرتاسەری بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم سەنگەرەکانمان لەسەر سنوری ئێران تۆکمەکردووە و پێشمەرگە و فەرماندەکانمان ئامادەن بۆ هەر ئەگەرێک.
بەگوێرەی زانیارییەکانی “کورد مۆنیتەر”: سەرجەم کادر و فەرماندەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکیشان لە ئەوروپا گەڕاونەتەوە و چەکیان بەسەردا دابەشکراوە و لەسەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران جێگریکراون و سەرجەمیان لە دۆخی ئامادەباشییدان و چاوەڕوانی فەرمانن بۆ چوونە ناو خاکی ئێرانەوە، هاوکات لەسەر ئاستی باڵاش لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و واشنتۆن لەسەر خەتن.
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی جوڵە سەربازییەکانی حزبەکانی رۆژهەڵات، بەرپرسەکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان وتی: هەر جوڵەیەک هەبێت پێویستە بە هەماهەنگیی سەرجەم حزبەکانی رۆژهەڵات بێت، هاوکات چاوەڕوانین بە هەماهەنگی ئەمریکا و هاوپەیمانان کات و ساتێکی گونجاو بۆ شۆرشەکەمان دیاریبکەین و شارە کوردییەکان لە سوپای ئێران پاکبکەینەوە.
ئەمجەد حسێن پەناهی ئاماژەی بەوەشکرد: چاوەڕوانین هێزەکانی ئەمریکا گورزی گەورەتر لە سوپای ئێران و هیزە چەکدارەکانی ئێران بوەشێنن و زیاتر لاوازیان بکەن، تاوەکو ئێمەش سود لەو دەرفەتە وەربگرین و پێشمەرگەکانمان شارە کوردییەکان ئازادبکەن.
کورد مۆنیتەر زانیویەتی: لە ئێستادا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کورستان لە سەرجەم هێزەکانی دیکەی رۆژهەڵات ئامادەترە و خاوەنی چەندین چەکی قورس و پێشکەوتووە، لە هەمانکاتدا لە رێگەی ڕەزا کەعبی، سکرتێری کۆمەڵەکەیان هەماهەنگی فراوانیان لەگەڵ ئەمریکادا دروستکردوو و چاوەڕوان دەکرێت وەک یەکەم هێزی رۆژهەڵات جوڵەی سەربازیی لە شارە کوردییەکان ئەنجامدەبن .





