
مستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووەتە واشنتۆن-ی پایتەختی ئەمریکا، سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کورد مۆنیتەر زانیاریی نوێ لەبارەی سەردانەکە و ئەجێندای کۆبوونەوەکانی ئاشکرادەکات.
ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، مستەفا هیجری بە سەردانێک لە واشنتۆنە و بڕیارە چاوی بە بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ بکەوێت، وەك ئەو سەرچاوەیە گوتی: هێشتا ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ مستەفا هیجری کۆنەبوونەتەوە، بەڵکو لەسەرەتادا لەگەڵ خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کۆبوونەتەوە”.
سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر گوتیشی:”ئیدارەی ئەمریکا لەم قۆناغەدا تەنها مامەڵە لەگەڵ حزبی دیموکرات دەکات، چونکە تورکیا ڤیتۆی خستووەتە سەر پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)”.
ئەو سەرچاوەیە زانیاریی وردتری لەبارەی هەڵوێستی تورکیا ئاشکراکرد و گوتی: لەسەر ئاستی باڵا ئەنقەرە بە ئەمریکای گوتووە، نابێت مامەڵە لەگەڵ پژاک بکرێت، بە پێچەوانەوە تورکیا هەڵوێستی توندی لەو ڕوەوە دەبێت”.
لەماوەی دەستپێکردنی جەنگی ئێران و ئەمریکا تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ دووجار باسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، جاری یەکەم بە بیرۆکەیەکی “گونجاو”ی زانی ئەگەربێتوو ناوچەکانیان لە ڕژێمی ئێران ڕزگار بکەن، هەڵوێستی دووەمیشی ئەوەبوو کە گوتی: نامانەوێت کوردەکان بەشێک بن لەم جەنگە و ئازار بچێژن.
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی بۆ کورد مۆنیتەر هۆکاری گۆڕانکاریی لە بۆچوونی ترەمپ بۆ ئەوە گەڕاندەوە، هەرزوو حکومەتی تورکیا دەستی بە ڤیتۆکردنی بیرۆکەی پشتیوانی لە حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، بەوهۆیەوە پێدەچێت ترەمپ لەم قۆناغەدا لە پشتیوانیکردنی جوڵانەوەی کوردیی لە ئێران پاشگەز بوبێتەوە.





