چاتم هاوس: پێویستە کوردەکانی ئێران ئەوەیان بیربێت ئەمریکا پشتی لە هەسەدە کرد

 

هاوبەشێکی پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە دامەزراوەی چاتم هاوس هۆشداریی دەداتە کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە مامەڵەی ئەمریکا لە پشتکردنە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هەند وەربگرن.

وینترۆپ ڕۆدجێرز، هاوبەش لە پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە دامەزراوەی چاتم هاوس لە نوسینێکدا دەربارەی ئەگەری ڕاپەڕینی کورد لە ئێران دەڵێت: ترەمپ لەماوەی جەنگی ئێراندا دووجار ڕای خۆی لەسەر پاڵپشتیکردنی کورد گۆڕیوە، بۆیە پێویستە واشنتۆن و کوردانی ئێران بیر لەوە بکەنەوە کە پشتیوانی ئەمریکا چەندە بەهێز و بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەزموونەکانی ڕابردووی وازهێنانی ئەمریکا لە هاوبەشە کوردەکانی، لە دوایین جاردا کاتێک ئەمریکا پشتی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کرد. هەروەها پێویستە بپرسن ئایا ڕاپەڕینێکی کورد لە درێژخایەندا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکات؟

وینترۆپ ڕۆدجێرز گوتووشیەتی: دیمەنی سیاسی کورد لەو چوار پارچەیەی کوردستانی بەسەدا دابەشکراوە جیاوازە. بیروڕای گشتی کورد یەکپارچە نییە و هەموو کورد پشتیوانی حیزبە ناسیونالیستە کوردەکان ناکات. هەروەها ئەم گرووپانە پێشینەیەکی خراپی هاوکارییان هەیە و لە هەندێک کاتدا شەڕیان لەگەڵ یەکتر کردووە. بەڵام ئەوەی پارتە ناسیونالیستەکانی کورد یەکدەخات دژایەتی کۆماری ئیسلامی و خواستی دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد و خۆبەڕێوەبەری ناوخۆییە لە چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکراسی ئایندەدا.

سەبارەت بە یەکگرتنی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە یەک هاوپەیمانێتیدا ڕۆدجێرز باسی لەوەکردووە، سەرەڕای یەکگرتنی ئەو لایەنانە، تاقیکردنەوەی گەورە لە پێشە. ڕادەی هێزی سەربازیی ئەو گرووپانە و توانای شەڕی ڕاستەقینەیان نادیارە. ساڵانێکە تاڕادەیەکی زۆر لە کەمپەکانیان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراقدا کۆنتڕۆڵکراون. هێزی ئەوان لە ناوخۆی ئێراندا ڕوون نییە. هەرچەندە هێزە ئەمنییەکانی ئێران لاواز بوون، بەڵام هێشتا توانای بەرچاویان هەیە بۆ توندوتیژی و ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ بەکارهێنانی ئەو توندوتیژییە لە دژی دانیشتوانی مەدەنی کورد کە لاوازن”.

گوتوشیەتی: مەترسییەکی گەورەیە بۆ گرووپە کوردییەکان کە ئۆپەراسیۆنی چەکداری لەدژی ڕژێم دەستپێبکەن، تەنانەت بە پشتیوانی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیلیش بێت. هەربۆیە عەبدوڵڵا موهتەدی، ڕێبەری کۆمەڵە لەم دواییانەدا بە ڕۆژنامەی دی زێد-ی ئەڵمانی ڕاگەیاندووە: ئێمە هێزەکانمان نانێرین بۆ کوشتارخانە.

هەر لەو نوسینەدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەگەر گرووپە کوردییەکان بڕیاری ڕاپەڕین بدەن، سەرکەوتنیان بەندە بە هاوسەنگی سیاسی و ئامادەکاری سەربازی و پلاندانانی ورد بۆ داهاتوو و کاتی ورد. پێویستە گرووپە کوردییەکان وریا بن لە پشت بەستنێکی زۆر بە ئەمریکا بۆ پشتیوانی سیاسی و سەربازی، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی لێدوانە گۆڕاوەکانی ئیدارەی ترەمپ. نەبوونی هاوکاری ئاشکرا لە لایەن ئەمریکاوە ڕەنگە بەڕاستی حیساباتەکان بۆ کوردەکانی ئێران ئاسانتر بکات، کە پشکەکانیان لە داهاتووی ئێراندا وابەستەی ئەم کۆشکی سپییە جیوەییە نییە.

 

Back to top button