
تا پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێران و بۆردوومانەکانی تاران بۆسەر شاری دوبەی، نرخی شەوێک مانەوە لە هۆتێلە گرانبەهاکانی شاری دوبەی خەیاڵیی بوو، بەڵام درۆن و مووشەکەکانی ئێران کارێکی کردووە ئێستا هۆتێلە بەناوبانگەکان نرخی شەوێک مانەوەیان بۆ نیوە یان کەمتر دابەزاندووە، بە هیوای ئەوەی درۆنەکانی ئێران کاریگەریی لەسەر کەرتی گەشتیاریی دوبەی نەبێت، کە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی داهاتی ئیمارات.
نرخی هۆتێلە پێنج ئەستێرە لوکسەکانی دوبەی لەم هەفتەیەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی لە کاتێکدا شەپۆلەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بەردەوام بوون لە وێرانکاری لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە دوای لێدانە تۆڵەسەندنەوەکانی تاران بۆ سەر شارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوبەی بە شێوەیەکی بەرچاو تێچووی هەندێک لە هۆتێلە گرانبەهاکانی کەمکردەوە، ئەمەش لە هەوڵێکی ڕواڵەتیدا بۆ ڕزگارکردنی کەرتی گەشتیاریی.
هۆتێلی “والدۆرف ئەستۆریا پاڵم جومێرا” کە لە کەنار دەریایەکی تایبەتیدایە، بەر لە دەستپێکردنی جەنگی ئێران نرخی شەوێک مانەوە تیایدا بە شێوەیەکی گشتی لە نێوان 400 بۆ 800 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا یەک شەو مانەوە نرخەکەی نزیکەی 255 دۆلارە. هۆتێلی “پارک ڕێجیس کریس کین” کە سەردەمانێک نزیکەی 236 دۆلاری بۆ هەر شەوێک وەردەگرت، ئێستا شەوێک مانەوە تەنها بە 76 دۆلارە.
زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێرانی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بووە هۆی ئەوەی یەکێک لە ناسراوترین هۆتێلە لوکسەکانی دوبەی ئاگری گرت و لە شەوێکدا ئاسمانی بریقەداری شارەکەی هەژاند. بورج ئەلعەرەب “حەوت ئەستێرە” لە کامێرادا نیشاندرا کە ئاگری گرتووە، دواتر دەسەڵاتدارانی دوبەی گوتیان: ئاگرکەوتنەوە لە هۆتێلە گرانبەهاکە بەهۆی پاشماوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بووە، کە ڕێگری لێکرابوو ئامانجەکەی بپێکێت. تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی هێرشەکان تارانیان کردە ئامانج، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانێکی خۆکوژ لە هۆتێل (پاڵم جومێرا فەیرمۆنت) لە نزیک ئەو شوێنەی کە شوێنێکی گەشتیاری سەرەکییە بۆ ڕۆژئاواییەکان کەوتە خوارەوە و چوار کەسی بریندار کرد.
هۆتێلە لوکسەکان لە شارەکانی وەک دوبەی و ئەبوزەبی داشکاندنی گەورە دەکەن، وەک هەوڵێک بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران و پڕکردنەوەی ژوورە چۆڵەکان، کورد مۆنیتەر چەند پێگەیەکی جیهانیی بۆ گرتنی هۆتێلی پشکنیوە، لەوانە Booking.com و تێبینی دابەزینی نرخی هۆتێلەکانی لە سەرانسەری ئیمارات کردووە، ئەمەش دەرگا بۆ گەشتیاران دەکاتەوە بۆ حجزکردنی مانەوە لە هۆتێلی لوکس بەنرخێکی کەمتر بەراورد بە ڕابردوو.
بۆ نموونە، مانەوەی یەک شەو لە (پرایم بورج ڤیستا ڕیزیدەنس) کە دیمەنی بورج خەلیفەی لێ دیارە، نرخی 191 دۆلارە، لە کاتێکدا نرخی ئاسایی پێشتری 272 دۆلار بووە. جگە لەوەش، سویتەکانی خێزانیی لە هایات- پاڵم جومێرا سویتی خێزانیی یەک ژووری نوستن لەگەڵ چێشتخانەیەک بە نرخی 123 دۆلارە، کە پێشتر 203 دۆلار بووە.





