
رۆژی 8ـى شوبات، هەواڵی گیانلەدەستدانی گەنجێکی قامشلۆ لەناو زیندانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان لە حەسەکە بڵاوبووەوە، کوسوکارەکەی باس لەوەدەکەن، دوای مانگ و نیوێک لە گیان لەدەستدانی تەرمەکەیان رادەستکراوەتەوە و شوینەوای ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دیارە، ئاسایشی رۆژئاوا هەواڵەکە رەتناکاتەوە و لیژنەیەکی پێکهێناوە.
عەلا ئەمین، تەمەن 33 ساڵ لە سویدەوە دەگەڕێتەوە بۆ شاری قامیشلۆ، بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگی هاوسەرگیریی و بردنی هاوسەرەکەی بۆ سوید، بەڵام لە 20 ی ئەیلولی 2025 لە بارودۆخێکدا دەستگیرکرا کە خێزانەکەی بە نادیار ناوی دەبەن لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن ئاسایشی رۆژئاواوە دەستگیردەکرێت.
بنەماڵەکەی باس لەوەدەکەن، دوای ماوەیەکی زۆر لە نادڵنیایی لە چارەنووسی کوڕەکەیان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لە هێزەکانی ئاسایشەوە پێگەیشتووە بۆ وەرگرتنی تەرمی کوڕەکەیان لە شاری حەسەکە.
عەلا ئەمین لە ساڵی 2014ـەوە لە سوید نیشتەجێ بووە و لە 7ی ئەیلولی 2025 گەڕاوەتەوە رۆژئاوای کوردستان بۆ تەواوکردنی ڕێوشوێنەکانی ئاهەنگی هاوسەرگیری و تەواوکردنی ڕێوشوێنەکان بۆ گەڕانەوەی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بۆ سوید.
عەلی ئەمین، مامی گەنجە کوژراوەکە بە تەلەفزیۆنی وەڵاتی راگەیاندووە، برازاکەی لەلایەن دەزگایەکی ئەمنییەوە دەستگیرکراوە و دەڵێت: دایک و باوکی عەلا بۆ زانینی شوێنی دەستگیرکردنەکەی سەردانی دەزگا ئەمنییەکانیان کردووە، بەڵام نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی یان هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بەدەست بهێنن.
بە تەوەی مامی عەلا ئاسایش هەواڵی ناڕاستیان بە باوکی داوە و وتی: کە باوکی عەلا تەلەفۆنی بۆ کراوە پێیوتراوە بچێتە شاری حەسەکە بۆ ئەوەی کوڕەکەی بهێنێت، دواتر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی تری پێگەیشتووە و پێی ڕاگەیاندووە، کە پێویستە بێت بۆ وەرگرتنی تەرمەکەی لە نەخۆشخانە.
تەرمی عەلا پاش ئەوەی پشکنینی بۆ کراوە، خێزانەکە هەستیان بە نیشانەی سەختی ئەشکەنجەدان لەسەر تەرمەکە کردووە کە زیاتر لەوەی مێشک دەتوانێت خەیاڵی بکات، ئەوەش بەوەتەی مامی عەلا
پێچەوانەی ئەوەی کەسوکارەکەی لەسەر تەرمەکەی بینیویانە، ڕاپۆرتێکی پزیشکی ئاماژە بەوە دەکات، کە عەلا لە 16ی کانوونی دووەمی 2026 بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە.
بەوتەی کەسوکاری گەنجە کوژراوەکە، دوای مانگ و نیوێک لە گیانلەدەستدانی عەلا، ئینجا تەرمەکەیان رادەستکراوەتەوە، ئەمەش گومانی ئەوانی لەسەر گیانلەدەستدانی زیاتر کردووە.
دوای ئەوەی هەواڵەی گیانلەدەستدانی عەلا کاردانەوەی زۆری لە سۆشیال میدیا و دەزگاکانی راگەیاند لێکەوتەوە، ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان دوێنێ روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، ئێمە بە ڕوونی جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەو پرەنسیپانەی کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەسەر دامەزراوە بە شێوەیەکی سەرەکی جەخت لەسەر پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و پاراستنی مافەکان دەکەنەوە و هەر کردارێک لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و بەها مرۆییەکان بێت نوێنەرایەتی ڕێبازەکانی دامەزراوەکەمان و سیاسەتە گشتییەکانی.
وەک لە روونکردنەوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا پێکهێنرا کە لە پسپۆڕی یاسایی و چاودێر پێکهاتبوو بۆ لێکۆڵینەوە لە هەموو وردەکارییەکانی ڕووداوەکە و دیاریکردنی هۆکاری مردنەکەی.
ئاسایشی رۆژئاوا جەختدەکاتەوە، کە بەڵێن دەدەن ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بە شەفافییەت و ڕوونی تەواو بڵاو بکەنەوە و جەخت لەسەر لێپرسینەوە دەکەنەوە کە هەر کەسێک بسەلمێنرێت دەستی هەبووە لە هەر کەمتەرخەمییەک یان پێشێلکردنی سیستەم و یاسا باوەکان.
بنەماڵەی عەلا ئەمین داوای لە هێزەکانی ئاسایش دەکەن کە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی و هۆکاری مردنەکەی ڕوون بکەنەوە و جەختدەکەنەوە، کە کوڕەکەیان هیچ چالاکییەکی سیاسی نەبووە.
هەروەها جەختی لەسەر پێویستی ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی فەرمی، سەربەخۆ و بێلایەن بۆ تەرمەکە و دەرکردنی ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری باوەڕپێکراو کردەوە و جەختی لەوە کردەوە، کە متمانە نەکردنی بە ڕاپۆرتەکە دەکات لەبەر ڕۆشنایی بوونی نیشانەی ئاشکرای ئەشکەنجەدان.





