
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، گەڕەکی نەرمەک لە باکووری تاران کرایە ئامانج و لەوێدا ماڵێک بۆردوومانکرا، هەرزوو میدیای ئیسرائیلیی ڕایگەیاند، لەهێرشەکەدا مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران لەو بۆردوومانەدا کوژراوە، دواتریش میدیای ئێرانیی هەمان هەواڵی بڵاوکردەوە، بەڵام ئێستا دەرکەوتووە، کە نەژاد لە ژیاندا ماوە.
گۆڤاری “زە ئەتڵانتیک” لەڕاپۆرتێکدا دیوی شاراوەی بە ئامانجگرتنی ئەحمەدی نەژاد (سەرۆک کۆماری ئێران لەساڵانی 2005 تا 2013)ی ئاشکراکردووە و دەڵێت: ماوەی 10 ساڵە مەحمود ئەحمەدی نەژاد وەك ڕەخنەگرێکی سەرسەختی کۆماری ئیسلامی ئێران ناسراوە و ببوە سەرئێشە بۆ باڵی دەستڕۆیشتووی ڕژێم، کارگەیشتبووە ئەوەی لەمانگەکانی ڕابردوودا بە فەرمانی موجتەبا خامنەیی بە تەواوی ئەحمەدی نەژاد گەمارۆدرابوو، بۆ ئەو مەبەستەش 50 پاسەوانی تایبەتییان بۆ چاودێریکردن و گەمارۆدانی جێگیرکردبوو، جگە لەوەش مۆبایلی شەخسیی لێوەرگیرابوو، هاوکات پەیوەندییەکانیشی سنوردار کرابوو.
ئەو مووشەکەی رۆژی 28ی شووبات لەبەردەم ماڵەکەی ئەحمەدی نەژاد کەوتەخوارەوە، ڕێک ئەو خاڵە ئەمنیەی کردبووە ئامانج، کە موجتەبا چەند مانگێک بوو بۆ چاودێریکردن و گەمارۆدانی نەژاد داینابوو، بەوەش سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران بۆردوومانەکەی بە دەرفەت زانیوە و لەماڵەکەی هەڵاتووە بۆ شوێنێکی نادیار. ئەوەش بە گوێرەی قسەی سەرچاوەکانی زە ئەتڵەنتیک.
دوای نیشتنەوەی تۆز و خۆڵی بۆردوومانەکان، ڕژێمی ئێران بۆی دەرکەوت نەژاد نەکوژراوە، بۆیە ترسی لێنیشت کە ناوبراو کودەتا ئەنجامبدات، بەڵام ئەحمەدی نەژاد لە دەرکەوتنێکی کورت دا ستایشی ڕابەری باڵای ئێرانی کرد، هەرچەندە دوای ئەو دەرکەوتنە تا ئێستا کەس نازانێت ئەحمەدی نەژاد لە کوێیە.
هەوادارەکانی ئەحمەدی نەژاد دەڵێن، ئەو خاوەنی پێگەیەکی جەماوەرییە لە ئێران دا، ئاگاداری ورد و درشتی تۆڕی دەسەڵاتیشە لە وڵاتەکەیدا، هەرچەندە ڕۆژانێک دروشمی “مەرگ بۆ ئەمریکا” و “مەرگ بۆ ئیسرائیل”ی دەگوتەوە، بەڵام ئێستا ئیسرائیل دەیەوێت بۆ قۆناغی داهاتووی حوکمڕانیی ئێران، نەژاد بکاتە یەکێک لە کارتەکان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا گوتی، کەسانێک لە ئێران هەن لەو لیستەدان کە ئەمریکا پەسەندی دەکات حوکمڕانیی بگرنە دەست.
هێشتا دیار نییە ئیسرائیل بە مەبەستی کوشتنی نەژاد بۆردوومانی ماڵەکەی کردووە، یاخود رزگارکردنی، بەڵام ئەگەر حاڵەتی دووەم بێت ئەوا دەردەکەوێت پێش بۆردوومانەکە، جۆرێک لە پەیوەندیی لەنێوان نەژاد و ئیسرائیل یان لایەنی سێیەم دا هەبووە، یان وەک ئەو کەسانەی قسەیان بۆ زە ئەتڵانتیک کردووە دەڵێن: ئەحمەدی نەژاد لە دەرەوەی دۆستی خۆی هەیە.





