ئەمریکا لە هێرشێکی ئاسمانیدا 30 چەکداری حەشدی شەعبی کوشت

 

لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بارەگاکانی لیوای 19ی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای ئەنبار، نزیکەی 30 چەکدار کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون. هێرشەکان چەند پێگەیەکی هەستیاری ئەو هێزەیان لە ناوچەی عەکاشات کردووەتە ئامانج.

شێخ کەریم کینانی، گوتەبێژی حەشدی شەعبی رایگەیاند: “شەوی رابردوو چەندین بارەگا و پێگەی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی کەرکووک و ئەنبار کراونەتە ئامانج. لە پارێزگای ئەنبار هێرشەکان بە دیاریکراوی چڕبوونەتەوە سەر ناوچەکانی قائیم و عەکاشات.”

لە هێرشەکەی سەر ناوچەی عەکاشاتدا، زیاتر لە 30 چەکداری لیوای 19ی حەشدی شەعبی کوژراون. هێرشەکە زیانی زۆری بە بارەگاکانی تەبابە، فەوجی دوو و بارەگای پشتیوانی گەیاندووە.

عیماد دلێمی، قایمقامی قەزای روتبە لە پارێزگای ئەنبار دەڵێت:”ئەو بارەگایەی حەشدی شەعبی کە بۆردوومان کراوە، دەکەوێتە سنووری قەزای روتبە لە ناوچەی عەکاشات، هاوکات لە قەزای قائیمیش هێرش کراوەتە سەر چەند بارەگایەکی دیکە.”

سەبارەت بە ژمارەی قوربانیان، دلێمی ئاماژەی بەوە کرد کە زانیارییە سەرەتاییەکان باس لە کوژرانی نزیکەی 30 چەکدار دەکەن، بەڵام چاوەڕێی پشتڕاستکردنەوەی فەرمین. لە لایەکی دیکەوە، تورکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم، هەمان زانیاری بۆ رووداو دووپاتکردەوە و گوتی: “لە هێرشەکەی عەکاشاتدا زیاتر لە 30 چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.”

 

Back to top button