ڕۆیتەرز: دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا گومانی لە توانای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە

دەزگای هەواڵگری ئەمریکا گومانی لە توانای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە بۆ شەڕکردن لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەش بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز.

ئاژانسەکە لەزاری دوو سەرچاوە ئەمڕۆ پێنج شەممە بڵاویکردەوە، حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە فەرمی داوایان لە ئەمریکا کردووە، چەک و کەرەستەی سەربازیی بە تایبەت زرێپۆش، بداتە هێزە کوردییەکان بەمەبەستی ئامادەکاریی بۆ جوڵەکردن لە دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا وەڵامی داواکارییەکەیان نەداوەتەوە.

سەبارەت بەهۆکاری بێدەنگیی ئەمریکا بەرامبەر حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو سەرچاوە بە ڕۆیتەرزیان گووتووە:”ئەمریکا گومانی لە توانای چەکداریی ئەو حزبانە هەیە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران”.

عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بە ڕۆیتەرزی گووتوو: حزبەکان ڕێکخستنێکی باشیان لەنێو ئێران هەیە، هەزاران گەنج ئامادەی چەک هەڵگرتنن دژی حکومەتی ئێران، ئەگەربێتو ئەمریکا هاوکاریی بگەیەنێتە ئەو حزبانە”.

بەگوتەی موهتەدی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە زانیاریی ئەوەیان بەدەست گەیشتووە کە پاسداران و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی ئیران، بنکە و بارەگاکانیان لە ترسی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل چۆڵکردووە. دەشڵێت: ئاماژەی لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی ئێرانمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدیکردووە”.

Back to top button