
چاک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا هێرشێکی توندی کردە سەر پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا و بە “فێڵباز” ناوی برد، دوای ئەوەی لە ڕاپۆرتێکی حکومەتدا ئاشکرایکرد، کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە ماوەی یەک مانگدا 93 ملیار دۆلاری خەرجکردووە، لەنێویاندا پارە بۆ خواردنی گران و ئامێری مۆسیقا و ئەلیکترۆنیاتی پێشکەوتوو.
50 ملیار دۆلار لە ماوەی 5 ڕۆژدا
داتاکانی دەزگایەکی چاودێری حکومەت ئاشکرایانکردووە، وەزارەتی جەنگ (پێنتاگۆن) زۆرترین خەرجی مانگانەی لە مێژووی دەزگا فیدراڵیەکاندا تۆمارکردووە لە ماوەی مانگی ئەیلولدا، بەجۆرێک کۆی گشتی پارەکان لە پێنج ڕۆژی کۆتایی مانگەکەدا 50 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. خەرجییەکان بەمشێوەیە بووە:
-زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار لە کڕینی ئەختەبوتی ئەلاسکا خەرج کراوە
– 15.1 ملیۆن دۆلار بۆ ستیکی (ڕیب ئای)
– 6.9 ملیۆن دۆلار بۆ کلکی قڕژاڵ
– یەک ملیۆن دۆلار بۆ سەلەمون
– 26 هەزار دۆلار بۆ سوشی
بەرپرسانی وەزارەتی جەنگ پاساویان بۆ ئەم کڕینانە ئەوەیە، کە پێویستن بە ئامادەکردنی سەربازەکان بۆ ئەرکەکانی شەڕکردن، بەڵام داتاکان دەریانخستووە کە لیستی کڕینەکان تەرخانکردنی بەرچاوی بۆ شیرینیەکانیش لەخۆگرتووە، لەنێویاندا 124 هەزار دۆلار بۆ ئامێری ئایسکرێم و 139 هەزار دۆلار بۆ دۆناتس.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا 5.9 ملیار دۆلار خەرجکراوە بۆ تەکنەلۆژیای زانیاری، لەنێویاندا 5.3 ملیۆن دۆلار بۆ فرۆشگاکانی ئەپڵ، کە 400 ئایپادی نوێی لەخۆگرتووە کە بەهای 315 هەزار دۆلارە.
پارەکان هەر بۆ کڕینی خواردن نەبوون، بەڵکو بەشێکی بەمشێوەیە بووە:
– پیانۆیەکی گەورەی ستینوای بە بڕی 98 هەزار دۆلار بۆ بارەگای فەرماندەیی هێزی ئاسمانی
– فلوتێکی تایبەت بە 22 هەزار دۆلار
– ستیکەری کارەکتەرە کارتۆنییەکانی منداڵان وەک “پاو پاترۆڵ” و “دۆرا گەڕان” کە نرخی زیاتر لە 3000 دۆلارە.
هەروەها وەزارەتەکە 225 ملیۆن دۆلاری بۆ مۆبیلیات خەرجکردووە، کە 60 هەزار دۆلاری بۆ کورسییەکانی هێرمان میلەر و 12 هەزار و 500 دۆلاری بۆ ستاندی سەبەتەی میوە خەرجکردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە 6.6 ملیار دۆلار لەو کڕینانە بۆ کۆمپانیا و حکومەتە بیانییەکان بووە، ئەمەش دژایەتییەکی ڕوونە لەگەڵ سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ هاندانی کڕینی بەرهەمە ئەمریکییەکان.
لیبراڵەکان توڕەیی خۆیان دەربڕی و پێشنیاریان کرد کە بەشێک لەم خەرجکردنە لە ئەنجامی “ساختەکاری یان گەندەڵی” بووە، هەندێکی تر هۆکارەکەیان گەڕاندەوە بۆ سیاسەتی “خەرجکردن یان بەهەدەردان” کە پاڵ بە دەزگا فیدراڵیەکانەوە دەنێت، بۆ کەمکردنەوەی ئەو بودجەیەی ماوەتەوە پێش کۆتایی ساڵی دارایی.
ئەم خەرجییە سەرسوڕهێنەرە بەشێکە لە دیاردەیەکی ساڵانە کە بە “ڕۆژی پرایمی ئەمازۆن بۆ دەزگاکانی حکومەت” ناسراوە، کە دەزگاکان پێشبڕکێ دەکەن بۆ خەرجکردنی بودجەی ماوە پێش وادەی 30٠ی ئەیلول، ئەمەش ڕێژەی بەرزی خەرجکردن و کڕینی نائاسایی ڕوون دەکاتەوە کە لە ڕۆژانی کۆتایی مانگدا دەبینرێت.





