چاتام هاوس: پەرتەوازەیی پارتی و یەکێتی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە

پارتی و یەکێتی تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر دۆزی کورد لە تورکیا، ئێران و سووریا هاودەنگن، بەڵام ناکۆکییان لەسەر چۆنیەتیی حوکمڕانی لە ناوخۆدا، ڕەنگە ڕێگە بۆ دەستوەردانی دەرەکی خۆش بکات و ئەو خۆبەڕێوەبەرییە لاواز بکات کە بە قوربانیدانێکی زۆر بەدەست هاتووە.

دامەزراوەی چاتام هاوس لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردووە، دوو ساڵ دوای ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی حکومەتێکی نوێ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان – وەک دوو گەورەترین پارتی هەرێمەکە – هێشتا نەیانتوانیوە لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ بگەنە ڕێککەوتن. تا ئێستاش حکومەتێکی کاربەڕێکەر، کە لە بنەڕەتدا لە ئەیلوولی 2018 هەڵبژێردراوە، کاروبارەکان بەڕێوە دەبات.

ئەم دۆخە، هەرێمی کوردستان بەرەو دابەشبوونێکی قووڵ و ڕەنگە هەمیشەییش دەبات. هاوبەشە دێرینەکانی هەرێم لە ئەورووپا و ئەمریکا، لەم پەککەوتنە بێزار بوون و چیتر ئامادە نین ڕۆڵی ناوبژیوان بگێڕن. ئەمەش وا دەکات هەرێمەکە زیاتر لەبەردەم دەستوەردانی هێزە هەرێمییەکاندا لاواز بێت؛ ئەو هێزانەی کە باشتر دەتوانن خۆیان لەگەڵ دۆخەکە بگونجێنن و یارییەکی درێژخایەنتر بکەن.

ئاستەنگی سەرەکیی بەردەم هەنگاونان بەرەو پێشەوە، ناکۆکیی بچووکی نێوان ئەو دوو پارتە نییە لەسەر پۆستە وەزارییەکان وەک ئەوەی هەندێک جار باس دەکرێت. بەڵکو چەقبەستووییەکە لە هەرەسهێنانی ڕێککەوتننامەی ستراتیژیی ساڵی 2006ی نێوان پارتی و یەکێتییەوە سەرچاوەی گرتووە. ئێستا هەردوو پارتەکە هەمان تێڕوانینی بنەڕەتییان بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان نەماوە و ئەو چوارچێوە فەرمی و نافەرمییانەی کە بۆ ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو بەیەکەوە گرێی دابوون، چیتر کارا نین.

لەبری ئەوە، هەرێمی کوردستان بەکردەیی دابەش بووە بەسەر دوو ناوچەی جوگرافیدا کە هەریەکەیان لەلایەن پارتێکەوە کۆنترۆڵ کراوە؛ پارتی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک باڵادەستە، یەکێتیش لە سلێمانی و هەڵەبجە حوکم دەکات.

ئەم دوو زۆنە وەک سەردەمی دووئیدارەیی نێوان ساڵانی 1998 بۆ 2005 بەتەواوی لەیەکتر دانەبڕاون، بەڵام دۆخێکی ئاڵۆز و بارگرانی وەهای دروست کردووە، دامەزراوەکانی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی چاویان لە سەرکردە حیزبییەکانە، نەک وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە بازگەکانی سنووری نێوان زۆنی پارتی و یەکێتیدا، سەرانە و پارە لە شۆفێرانی بارهەڵگر و بازرگانان وەردەگیرێت.

تا ئێستا پارتەکان جەختیان لەوە دەکردەوە کە سەرەڕای ناکۆکیی حیزبی، هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی یەکگرتوو ماوەتەوە. لە 6ی تشرینی یەکەمدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوای لە لایەنەکان کرد پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە کە زیاتر لە چوار ساڵە هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام نەداوە و گوتی: نازانم لە چی دەترسن.

بەڵام لە ژێرەوە، ڕەنگە گۆڕانکاریی گەورەتر بەڕێوە بێت.

سەرکردە سیاسییەکانی یەکێتی پێشنیازێکی ڕادیکاڵتریان هەیە: شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی بۆ پارێزگاکان، سەرۆک شارەوانییەکان و قایمقامەکان. بەپێی پێشنیازەکە، هەندێک دەسەڵات لای حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان دەمێننەوە، بەڵام زۆربەی بڕیارە گرنگەکانی پەیوەست بە کاروباری ڕۆژانە دەگوازرێنەوە بۆ ئاستەکانی خوارتر لە دەسەڵات، لایەنگرانی ئەم پلانە کانتۆنەکانی سویسرا و میرنشینەکانی ئیمارات وەک نموونە و ئیلهام دەهێننەوە؛ پاساوەکەشیان ئەوەیە کە باشتر وایە لەسەر ڕێگەی یەکتر لاچن و دەسەڵاتی جێبەجێکردن دابەش بکەن.

لەبەر ڕۆشنایی ئەو دەسەڵاتە ڕەهایەی کە هەردوو پارتەکە – بە جیا و بە تەنیا – لەسەر ئاستی پارێزگا و ناوچەکان هەیانە، ئەم گۆڕانکارییە هەژموونی حیزبی بەسەر حوکمڕانیدا لە هەردوو زۆنەکەی هەرێمی کوردستاندا بەفەرمی دەکات، کە ئەمەش گەورەترین گۆڕانکاریی دەستووری دەبێت لە ماوەی نەوەیەکدا.

هاوکات ئەم هەنگاوە بنەمای سەرەکیی بنیاتنانی ئاشتیی دوای شەڕی ناوخۆی کورد هەڵدەوەشێنێتەوە، کە پێی وابوو بۆ بەهێزکردنی خۆبەڕێوەبەری و قەوارەی کورد، پێویستە دامەزراوەی بەهێز، یەکگرتوو و هاوبەش هەبن. تەنانەت بیرکردنەوەش لەم پێشنیازە، قووڵیی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی نیشان دەدات.

زۆر بەشی ئەم پلانە ناڕوونە؛ پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتە خۆجێییەکان، حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم چۆن دەگۆڕێت؟ داهاتەکان چۆن دابەش دەکرێن؟ ئەگەر هەر دابەش بکرێن، بڕیارەکان لەسەر کەرتە هەستیارەکانی وەک نەوت، گاز، کارەبا و بازرگانی چۆن دەدرێن؟

لە ئێستادا ئەمە تەنیا وەک پێشنیازێکی یەکێتی ماوەتەوە و ئاسۆی جێبەجێکردنی ناڕوونە. پارتی دژی ئەم پلانەیە، کە ئەمەش بەشێکە لە هۆکاری نەبوونی پێشکەوتن لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا. زۆرێک لە دەنگدەرانی کوردیش دژی پتەوکردنی دەسەڵاتی پارتە فەرمانڕەواکانن بەبێ بوونی هیچ چاودێری و لێپێچینەوەیەکی ڕاستەقینە. سەرەڕای ئەوەی هاووڵاتییان لە دۆخی ئێستایان بێهیوا بوون، بەڵام بەباشی درک بەو مەترسییانە دەکەن کە پلانی یەکێتی لەسەر پێگەی دەستووریی لەرزۆکی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا دروستی دەکات.

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەهۆی پەرتەوازەیی نێوان پارتی و یەکێتییەوە، هەنگاو بە هەنگاو توانای حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسی و ئابووریی خۆی لاواز کردووە.

کاتێکی نەگونجاو بۆ دووبەرەکی

ئەگەری لێکترازانی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستاندا لە کاتێکی جیۆپۆلەتیکیی زۆر نەگونجاودا دێتە ئاراوە. جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران ناسەقامگیرییەکی گەورەی ناوەتەوە، هاوبەشە بیانییەکان بە کێشە ناوخۆییەکانی خۆیانەوە سەرقاڵن و گۆڕانکارییە هەرێمییەکانیش وایکردووە دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەکان دووبارە هەژموونی خۆیان بەسەر ئەکتەرە نادەوڵەتییەکاندا بسەپێننەوە.

ئامادەیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کاریگەریی کەمتر بووەتەوە. واشنتۆن لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا، دوای 12 ساڵ لە کارکردن لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، کشانەوەی سەربازیی خۆی ڕاگەیاند. هەروەها بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانی لێکەوتەی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە، چالاکییە دیپلۆماسییەکان لە هەولێر – کە ناوەندی حکومەتی هەرێمە – لە زۆربەی کاتەکانی ئەمساڵدا پەکیان کەوتووە.

دیپلۆماتکارە ئەمریکی و ئەورووپییەکان نائومێد بوون لەوەی کە سەرەڕای هاندانی بێوچانیان بۆ پێکهێنانی حکومەت، نەیانتوانیوە پارتی و یەکێتی کۆبکەنەوە. ئەم بێتواناییە نیشانەی پاشەکشەی هەژموونی ڕۆژئاوایە بەسەر سەرکردە باڵاکانی کورددا؛ دۆخەکەش خراپتر دەبێت ئەگەر دیپلۆماتکاران ناچار بن مامەڵە لەگەڵ بەرپرسە خۆجێییە دەسەڵاتدارەکاندا بکەن، کە لە پلەی یەکەمدا فەرمان لە سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی وەردەگرن.

دراوسێ ڕاستەوخۆکانی هەرێمی کوردستان وەک تورکیا و ئێران، لە پێگەیەکی زۆر باشتردان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ هەرێمێکی کوردستانی دابەشبوو و لێکترازاودا. ئەوان دەتوانن یاریی درێژخایەن بکەن و لەسەر ئاستی خۆجێیی لە ڕێگەی پەیوەندییە ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانەوە کار بکەن، نەک لە ڕێگەی ئەو شێوازە سەربازی و سیاسییەی ئەمریکا و ئەورووپا کە لە سەرەوە بۆ خوارەوە پەیڕەوی دەکەن. لە هاوکێشە و لێکدانەوەکانی ئەواندا، یەکڕیزیی نێوان پارتی و یەکێتی بایەخێکی ئەوتۆی نییە.

ئامانجی هەنووکەیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە دڵنیا بێتەوە لە بەردەوامبوونی پرۆسەی سیاسیی تایبەت بە کورد لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا، کە چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەخۆیەوە دەبینێت. پارتی و یەکێتی بەفراوانی پشتگیرییان لەم پرۆسەیە کردووە و دەستپێشخەریی گرنگیان بۆ کارئاسانیکردنی ئەنجام داوە. هەروەها پشتگیرییان لە پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە دەوڵەتی نوێی سووریا کردووە.

لە مەودای نزیکدا، پێناچێت پارتی و یەکێتی زۆر لەم ڕێچکەیە لابدەن؛ بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە کە قووڵبوونەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان، هەڵوێستی ئەوان لەسەر پرسەکانی دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیش پەرتەوازە بکات. ئەگەر ئەوە ڕووبدات، ڕەنگە ئەنقەرە لایەنگریی یەکێک لە پارتەکان بکات، ئەمەش ناسەقامگیریی زیاتری لێ دەکەوێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئامانجی یەکەمی ئێران ئەوەیە دڵنیا بێتەوە کە گرووپە کوردییەکان ناچنە ناو جەنگەکەی لەگەڵ ئەمریکا. تا ئێستا پارتی و یەکێتی هاوهەڵوێستن لەسەر گرنگیی دوورکەوتنەوە لە هەر ئاماژەیەک کە وا نیشان بدات ئەوان دژی ئێران دەستوەردان دەکەن. ئامانجی دووەمی تاران سنووردارکردنی چالاکیی گرووپە چەکدارە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە، تا دەگاتە ئاستی داواکردنی دەرکردنیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق. لاوازی و دابەشبوونی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە حکومەتی هەرێمدا، بەدیهێنانی ئەم داوایە قورس دەکات؛ ئەمەش لە بەرامبەردا ئەگەری ئەوە زیاد دەکات کە ئێران خۆی ڕاستەوخۆ دەستبەکار بێت و پرسەکە یەکلایی بکاتەوە.

لە غیابی ئامادەیی ئەمنیی ئەمریکادا، دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ ڕەنگە وا لە سەرکردە عێراقییەکانی بەغداش بکات کە ڕاستەوخۆتر دەست لە کاروباری هەرێمی کوردستان وەربدەن. ئەمەش دەرەنجامێکی خراپی بۆ خۆبەڕێوەبەریی کورد دەبێت و ئەگەری هەیە گرژییە سیاسییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی زیاتر جۆش بدات.

ئەو کەشە نائومێدکەرەی کە لە کاتی هەڵبژاردنەکەی دوو ساڵ لەمەوبەردا باڵی بەسەر هەرێمی کوردستاندا کێشابوو، ئێستا قووڵتر بووەتەوە. شۆڕکردنەوەی بڕیارەکانی حوکمڕانی بۆ ئاستی خۆجێیی بە مەبەستی دەربازبوون لەو چەقبەستووییە حیزبییەی لە لوتکەدا هەیە، تەنیا یەکێکە لە پێشنیازەکان، بەڵام ڕەنگە لێکەوتەی مەترسیداری بەدوادا بێت.

بەردەوامبوونی ئەم بنبەستە سیاسییەی نێوان پارتی و یەکێتی، مەترسیی داڕمانێکی بێگەڕانەوە لەسەر ئەو چوارچێوانە دروست دەکات کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا خۆبەڕێوەبەریی کوردیان مسۆگەر کردبوو. بۆ تێپەڕاندنی ئەم چەقبەستووییە، پێویستە سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی بیر لە چارەسەری داهێنەرانە بکەنەوە، بەڵام نەک ئەو چارەسەرانەی کە دابەشبوونەکە قووڵتر دەکەنەوە، دامەزراوە هاوبەشەکان لاواز دەکەن یان بنەما دیموکراسییەکان بنکۆڵ دەکەن. بە پێچەوانەوە، هەرێمەکە ڕووبەڕووی مەترسیی ئەوە دەبێتەوە کە لەسەر حیسابی قەوارەی خۆبەڕێوەبەریی کورد، لەلایەن ئەکتەرەکانی دیکەوە پارچەپارچە بکرێت.

Back to top button