ئایا ئەمریکا دەتوانێت یۆرانیۆمەکەی ئێران بباتە دەرەوە؟

 

پرسی ڕێگریکردن لە ئێران بۆ گەیشتن بە خەونە کۆنەکەی و دەستگەیشتنی بە بۆمبی ئەتۆمی چیتر لە چوارچێوەی هێرشی ئاسمانیی و گەمارۆی ئابووریدا نەماوەتەوە، بەڵکو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت بە ئۆپەراسیۆنێکی مێژوویی و بە هێنانە دەرەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە، خەونی چەند ساڵەی ئێران بباتە ژێرگڵ.

لە ڕووی سەربازییەوە، جێبەجێکردنی جوڵەیەکی لەم شێوەیە گەورەترین و ئاڵۆزترین ئۆپەراسیۆنی هێزە تایبەتەکان دەبێت لە مێژوودا، بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوایە تەنها دوو تیمی ئەمریکا دەتوانن ئەو کارە بکەن ئەوانیش تیمی دەلتا فۆرس و “ڕێنجەرز”ە کە راهێنراون لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ ماددە تیشکدەرەکان دا، بەوپێیەی ئۆپراسیۆنەکە تەنها چوونە ناو خاکی ئێران نییە، بەڵکو مانەوەیە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک تا بتوانرێت ڕێڕەوێکی سەلامەت دروستبکەن و ماددەکان بە سەلامەتی بگوازنەوە.

بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا دەڵێن: گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئەم پلانەدا، قووڵایی و پارێزراوی ئەو تونێلانەیە کە یۆرانیۆمەکەی لێ حەشار دراوە، بەتایبەت لە هەردوو بنکەی ئەتۆمی “ئەسفەهان و نەتەنز” کە لە ژێر زنجیرەیەک شاخ و سەدان مەتر کۆنکرێتدان.هاوکات هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا پێویستیان بە ئامێری قورس و کاتێکی زۆر دەبێت بۆ هەڵکەندنی ئەو شوێنانەی بەهۆی بۆردومانەکانی جەنگی ١٢ رۆژەوە داخراون، ئەمەش وایان لێدەکات لەو ماوەیەدا ببنە نێچیرێکی دیاریکراو و ئاسان بۆ هێزە چەکدارەکانی ئێران و هێڕشی درۆنە خۆکوژییەکان.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ-ی ئەمریکی لە راپۆرتێک دا دەڵێت: جگە لە هەستیاریی ئۆپەراسیۆنەکە، کێشەی پیسبوونی ژینگەیی و تیشکدانەوەی یۆرانیۆمەکە مەترسییەکی گەورەیە کە ڕووبەڕووی تیمە تایبەتەکانی ئەمریکا و تەنانەت ناوچەکەش دەبێتەوە، بەو پێیەی یۆرانیۆمەکە لە ئاستێکی پیتێنراوی بەرزدایە، هەر هەڵەیەکی تەکنیکیی یان تێکچوونی کەرەستەکان لە کاتی گواستنەوەدا دەکرێت کارەساتێکی خراپتر لە “چێرنۆبڵ”ی لێ بکەوێتەوە.

هەرچەندە ئەمریکا خاوەنی باشترین سوپا و پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیای هەواڵگریی و مانگی دەستکردە لە جیهاندا، بەڵام سروشتی جوگرافی و ئەندازیاریی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەرپرسای ئەمریکای ناچارکردوە هۆشداریی توند لەسەر ئۆپراسیۆنەکە بدەنە سەرۆکی ئەمریکا و پێیان وتووە؛ تەنانەت باشترین تیمەکانی کۆماندۆ وهێزە تایبەتەکانی ئەمریکاش ناتوانن رێژەی سەرکەوتنی ئۆپراسیۆنەکە بگەیەننە لە سەدا پەنجا، هەربۆیە هەر فەرمانێک بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی لەم شێوەیە دەبێت چاوەڕوان بین تەنانەت یەک سەربازیش نەگەڕێتەوە خاکی ئەمریکا.

کێشەیەکی دیکە کە بەرۆکی ئۆپراسیۆنەکەی گرتووەتەوە خودی یۆرانیۆمەکەیە، بەو پێیەی هەواڵگری ئەمریکا پێیان وایە ئێران ساڵانێکە خۆی بۆ ئەم بابەتە ئامادەکردووە و هەزاران و چەکدار و هێزی تایبەتی لە شوێنی یۆرانیۆمەکە پیتێنراوەکە جێگیرکردوە، هاوکات ئیدارەی ترەمپ ترسان هەیە لە کاتی گەیشتنی هیزەکانی ئەمریکا خودی ئێران لەرێگەی چەند ئامێرێکەوە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە تێکبدەن و تیشکدانەوەی گەورە لە ناوچەکە دروستبکەن.

مەترسییەکی تری جدی کە ڕووبەڕووی ئیدارەکەی ترەمپ دەبێتە بوونی تونێلە قوڵەکانی ناو بنکە ئەتۆمییەکانە، چونکە بەجۆرێک دروستکراون لە کاتی نەبوونی کۆدی کردنەوە و هەڕەشەی ئەمنیی سەرجەم تونێلەکان دادەخرێن و گازی ژەهراوی لەناو تونێلەکاندا بڵاودەبێتەوە کە دەکرێت لە هەر چرکەیەکدا ئۆپراسیۆنەکە پەک بخەن یان هێزەکان لە ناو قووڵایی زەویدا گەمارۆ بدەن.

لە کۆتاییدا، پرسی دەرهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەناو دڵی ئێران، تەنها ململانێیەکی سەربازیی سادە نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە گەورەترین تاقیکردنەوەی مێژوویی بۆ تواناکانی پنتاگۆن. ئەم ئۆپراسیۆنە چارەنووسی ناوچەکە و داهاتووی ڕژێمی تاران دیاری دەکات. ئەگەر ترەمپ ئەم گرەو مەترسیدارە بباتەوە، نەخشەی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت، بەڵام هەر هەڵەیەک لەم ڕێڕەوەدا دەکرێت کارەساتێکی وەهای لی بکەوێتەوە کە جیهان بۆ چەندین دەیە باجەکەی بدات.

 

Back to top button