لاهور شێخ جەنگی: لەسەدا 99ی دادوەرەکان لە سلێمانی بە بڕیاری سیاسی دانراون

لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، لە یەکەمین چاوپێکەوتنیدا لە زیندانەوە دەڵێت: بەتەواوی متمانەم بە سیستەمی دادوەری لەدەستداوە.

لاهوور شێخ جەنگی، لە 22ی ئابی 2025 لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەستگیر کرا؛ ڕووداوێک کە دواتر بە “ڕووداوەکەی لالەزار” ناسرا.

شێخ جەنگی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ (ئەمارگی – The Amargi) ڕایگەیاند کە پەشیمان نییە لەو بڕیارەی داویەتی بۆ خۆڕاگری و مانەوە.

شێخ جەنگی لە یەکەمین چاوپێکەوتنیدا لەدوای دەستگیرکردنی گوتی: ئەمە بەڵێنێک بوو بە خەڵکەکەمم دابوو و بەڵێنەکەشم بردە سەر، هەرچەندە باجێکی قورسم دا.

دەستگیرکردن، سزادان و زیندانیکردنی ناوبراو، لووتکەی داکشانێکی سیاسیی دراماتیکی بوو. ئەو پێشتر بەشێکی سەرەکی بوو لە دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دواجار لە ساڵی 2019دا شانبەشانی بافڵ جەلال تاڵەبانیی ئامۆزای، بە هاوسەرۆکی حزبەکە هەڵبژێردرا. بەڵام ناکۆکی کەوتە نێوان ئەو دوو سەرکردەیە و لە ساڵی 2021 شێخ جەنگی لە حزبەکە دوورخرایەوە، بەمەش تاڵەبانی بە تەنیا لە دەسەڵاتدا مایەوە.

لە ساڵانی دواتردا، شێخ جەنگی حزبێکی نوێی بە ناوی “بەرەی گەل” دامەزراند و لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تشرینی یەکەمی 2024ی هەرێمی کوردستاندا توانی دوو کورسی بەدەستبهێنێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی پێگە سیاسییەکەی و ڕاکێشانی دەنگی ئەو جەماوەرەی یەکێتی کە لە ئاڕاستەی کارکردنی حزبەکە لەژێر سەرکردایەتیی تاڵەبانیدا ناڕازی بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، گرژییەکان بەردەوام لە هەڵکشاندا بوون.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگەشەی ئەوەی کرد کە شێخ جەنگی پلانی کودەتا و کوشتنی بافڵ تاڵەبانیی هەبووە. لە 22ی ئابدا، هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی هۆتێل لالەزار و باڵەخانەکانی دەوروبەریان دا کە شێخ جەنگی تێیدا دەژیا، و لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیاندا بە چەکی قورس هەڵیانکوتایە سەر کۆمەڵگەکە. هێزە چەکدارەکەی شێخ جەنگی (هێزی دووپشک) بەرپەرچیان دانەوە.

لە پێکدادانەکاندا پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و زیانێکی زۆریش بەر هۆتێل لالەزار کەوت. شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و سەدان لە لایەنگرانیان، لەنێویاندا ئەندامانی هێزی دووپشک، دەستگیر کران. شێخ جەنگی و ژمارەیەک تۆمەتباری دیکە بە تۆمەتی پلانگێڕیی تاوانکاری (ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی) و کوشتن (ماددەی 406) تۆمەتبار کران.

دوای زیاتر لە ساڵێک لە ڕاگرتنیان پێش دادگاییکردن، لە ١٥ی تشرینی دووەمدا لەلایەن دادگای تاوانەکانی سلێمانی/2 بە تۆمەتی پلانگێڕی سزا دران. شێخ جەنگی سزای پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا، لەکاتێکدا هەندێکی دیکە سزای سووکتریان وەرگرت و ژمارەیەکیشیان بێتاوان دەرچوون. چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە دادگاییکردن لەسەر تۆمەتەکانی دیکەی تایبەت بە کوشتن بەڕێوەبچێت.

شێخ جەنگی گوتی: بەتەواوی متمانەم بە سیستەمی دادوەری لە سلێمانی لەدەستداوە؛ لەسەدا 99ی دادوەرەکان بە بڕیاری سیاسی دانراون و ڕاستەوخۆ فەرمان لە قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی وەردەگرن.

پێش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕووداوەکەی لالەزاردا، «ئەمارگی» داوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ شێخ جەنگی کردبوو؛ هەرچەندە پێشتر ئەوە گەیەنرابوو کە ناوبراو ئامادەیە بۆ چاوپێکەوتن، بەڵام لەو کاتەدا ئەنجامدانی مەحاڵ بوو. دواجار چاوپێکەوتنەکە بە زمانی ئینگلیزی و لە ڕێگەی نێوەندگیرێکەوە ئەنجام درا.

ئەمە یەکەمین چاوپێکەوتنە کە لەدوای دەستگیرکردنییەوە لەگەڵ شێخ جەنگیدا ئەنجام درابێت.

دەقی چاوپێکەوتنەکە هیچ دەستکارییەکی نەکراوە جگە لە دانانی هەندێک زانیاریی ڕوونکەرەوە لەنێوان دوو کەوانەدا، و ڕێک ئەو وەڵامانە دەخاتە ڕوو کە لە شێخ جەنگییەوە وەرگیراون. بەهۆی بارودۆخی چاوپێکەوتنەکەوە، نەتوانرا پرسیاری تەواوکاری بکرێت و قووڵتر بچینە ناو وەڵامەکانی شێخ جەنگییەوە.

ئەمارگی: زیاتر لە ساڵێک بەسەر دەستگیرکردنتدا تێپەڕیوە. ئەم ماوەیە بۆ تۆ چۆن بووە؟ کاتەکانت چۆن بەسەر دەبەیت؟ لە زینداندا چۆن مامەڵەت لەگەڵدا کراوە؟

لاهوور شێخ جەنگی: بۆ ماوەی 14 مانگ لە زیندانی تاکەکەسیدا بووم کە لە سەرەتادا زۆر سەخت بوو، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئاسانتر بوو. کاتەکانم زیاتر بە خوێندنەوە بەسەر دەبرد و دوای 12 مانگ ڕێگەم پێدرا قەڵەم و کاغەزم هەبێت، بۆیە دەستم کردووە بە نووسینی شیعر و یاداشتەکانم. هەروەها دەستم بە وێنەکێشان کردووەتەوە؛ لە سەردەمی گەنجیمدا زۆر لێی باش بووم، بەڵام لە 30 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی کار و سەرقاڵییەوە زەحمەت بوو بتوانم بیکەم. لە یەکەم ڕۆژی دەستگیرکردنمدا لێکۆڵینەوەم لەگەڵ کرا و تا کاتی دادگاییکردنەکەم دوای 8 مانگ، جارێکی تر قسەم لەگەڵ نەکرایەوە، بۆیە مامەڵەکەیان لەگەڵمدا باش بوو و بە تەنیا وازیان لێ هێنابووم.

ئەمارگی: تۆ لە سەرەتادا داوات کردبوو کە دادگاییکردنەکەت لە هەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام دواجار لە سلێمانی کرا. هۆکارەکەی چی بوو؟ ئایا هەست دەکەیت دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەت بۆ کراوە؟

لاهوور شێخ جەنگی: بەتەواوی متمانەم بە سیستەمی دادوەری لە سلێمانی لەدەستداوە؛ لەسەدا 99ی دادوەرەکان بە بڕیاری سیاسی دانراون و ڕاستەوخۆ فەرمان لە قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی وەردەگرن، بۆیە هیچ هیوایەکم نییە. ئەوان ڕێگرییان کرد لە گواستنەوەی دۆسیەکەم بۆ دادگای پێداچوونەوە لە هەولێر، چونکە دەزانن بەڵگەکان لە دادگای پێداچوونەوەدا ناچەسپێن و بەرگە ناگرن.

ئەمارگی: کاتێک ئاوڕ لە ڕابردوو دەدەیتەوە، پێت وایە لە مانگەکانی پێش دەستگیرکردنتدا یان کاتێک ڕوون بووەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندوتیژ ڕوودەدات، هیچ شتێکت بە شێوەیەکی جیاواز دەکرد؟

لاهوور شێخ جەنگی: تاکە شتێک کە دەکرا بە شێوەیەکی جیاواز بیکەم ئەوە بوو سلێمانی بەجێبهێڵم بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەستگیرکردنم بکەم، ئەمەش شتێک بوو کە بە هیچ نرخێک ئامادە نەبووم بیکەم. من بەو شێوەیە لەدایک بووم و پەروەردە کراوم؛ کە لەسەر پێی خۆم بوەستم و خەڵکەکەم بەجێنەهێڵم. ئەمە بەڵێنێک بوو بە خەڵکەکەمم دابوو. بەڵێنەکەشم بردە سەر هەرچەندە باجێکی قورسم دا، بەڵام پەیامێکی بەهێز بوو بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە پێویستە دژی گەندەڵکاران و بەکرێگیراوانی دوژمنی کورد بوەستیتەوە.

ئەمارگی: پێت وایە هیچ ئاسۆیەک بۆ ئاشتەوایی لە نێوان تۆ و یەکێتیدا هەبێت؟ چونکە دواجار بینیمان ڕێککەوتنێک لە نێوان نەوەی نوێ و یەکێتیدا کرا.

لاهوور شێخ جەنگی: من خۆم وا نابینم کە هیچ کێشەیەکم لەگەڵ بنکە جەماوەرییەکەی یەکێتیدا هەبێت، نیگەرانیی من لەگەڵ سەرکردایەتیی گەندەڵی ئێستای یەکێتییە کە کارکردن لەگەڵیاندا لە داهاتوودا زۆر سەخت دەبێت؛ بۆیە دەرەنجامی من ئەوەیە کە جێگەی هەردووکمان نابێتەوە و تەنیا یەکێکمان دەتوانێت بمێنێتەوە. لە ئێستادا من لە زیندانم، بەڵام ئەگەر ڕۆژێک بێمە دەرەوە، ئیتر کاتی ڕۆیشتنی ئەوانە.

ئەمارگی: بەرەی گەل هێشتا نوێنەرایەتیی لە پەرلەمانی کوردستاندا هەیە. پێت وایە چی بەسەر حزبە سیاسییەکەتدا دێت؟

لاهوور شێخ جەنگی: حزبە سیاسییەکەم هێشتا چالاکە و بەم دواییانە بە 2 کورسی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی گێڕا و یارمەتیدەر بوو لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا.

ئەمارگی: هەندێک کەس دەڵێن بڕیارەکەت بۆ هێشتنەوەی هێزێکی چەکدار — هێزی دووپشک — یارمەتیدەر بوو بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دەستگیرکردنت. لە کاتێکدا تۆ حزبێکی سیاسیت دامەزراندبوو، بۆچی ئەو هێزەت هێشتەوە؟

لاهوور شێخ جەنگی: من ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر بووم لە کوردستان، و بەهۆی کارەکەمەوە بەداخەوە دوژمنێکی زۆرم لە ناوچەکەدا بۆ خۆم دروست کردبوو؛ هەر بۆیە ڕێگەم پێدرابوو هێزێکی پارێزگاریم هەبێت بۆ پاراستنی خۆم و خێزانەکەم، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە سلێمانی ببووە گۆڕەپانی تەراتێنی گرووپە بریکارەکانی ئێران.

ئەمارگی: پەیوەندیی ئێستات لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان چۆنە؟

لاهوور شێخ جەنگی: هیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانیکم لەگەڵ پارتیدا نییە، بەڵام پەیوەندییەکی کەسیی باشم لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.

ئەمارگی: دەنگۆی ئەوە هەیە کە پیلانگێڕیی جیۆپۆلەتیکی لە پشت دژایەتیکردنی تۆوە بۆ سەرکردایەتیی یەکێتی هەبووبێت و ناوی ئێران، ئیسرائیل و ئەژێ ئەمین [بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاریی یەکێتی] دەهێنرێت. ئایا هیچ بنەمایەک بۆ ئەمە هەیە؟

لاهوور شێخ جەنگی: من لە بۆچوونە سیاسییەکانمدا زۆر ڕاشکاو بووم، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێران، تورکیا و سووریا. لەبەرئەوە لای دراوسێکانمان زۆر خۆشەویست نەبووم و ناوبەناو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەوڵیان دەدا دوورم بخەنەوە — بەتایبەتی دراوسێکانی ڕۆژهەڵات.

ئەمارگی: پێت وایە لێکەوتە و میراتی دەستگیرکردنەکەت و ئەو شێوازەی پێی ئەنجام درا، بۆ سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا چی دەبێت؟

لاهوور شێخ جەنگی: بڕوام وا نییە هێرشکردنە سەر ماڵەکەم و ئەو شێوازەی پێی ئەنجام درا، تەنیا دژی من بووبێت. پێم وایە دژی دوایین سەنگەری خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بوو. هێرشکردنە سەر ماڵەکەم سەلماندی کە دیموکراسی لەم هەرێمەدا بوونی نییە، هەروەها دەستوەردان و هەژموونی دراوسێکانمانی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە سلێمانی و لەناو سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتیدا نیشان دا.

Back to top button