سەرۆکە دەمووچاو شاراوەکەی حزبوڵڵای عێراقیی کێیە؟

ئەحمەد موحسین فەرەج حەمیداوی، ناسراو بە ئەبو حسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقـە و بە یەکێک لە نهێنیپارێزترین و کاریگەرترین سەرکردە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراقدا دادەنرێت.

ئەحمەد حەمیداوی لە ساڵی 1971 لە شاری بەغدا لەدایک بووە، بەڵام ڕەچەڵەکی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگای میسان لە باشووری عێراق کە دەیان ساڵ پێش ئێستا ڕوویان لە پایتەخت کردووە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ناوی حەمیداوی بە سەرکردایەتیکردنی کەتائیبی حزبوڵڵا-ـوە بەستراوەتەوە؛ ئەو گرووپە چەکدارەی کە بە یەکێک لە بەهێزترین باڵە سەربازییەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و پابەند بە ئاراستەکانی سوپای پاسدارانی ئێران دادەنرێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2009ـەوە کەتائیبی حزبوڵڵای خستووەتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

لە سۆنگەی پێگە سەربازی و ڕێکخراوەییەکەیەوە، حەمیداوی بووە یەکێک لە دیارترین ئەو ناوانەی کە گوتاری سەربازیی گرووپە چەکدارەکانی بەرامبەر بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و گرژییە هەرێمییەکان ئاراستە دەکرد. بەهۆی ئەم ڕۆڵەوە:

ساڵی 2020 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ناوی حەمیداوی خستە لیستی تیرۆریستانی جیهانیی، بە تۆمەتی سەرکردایەتیکردنی کەتائیبی حزبوڵڵا و بەڕێوەبردنی چالاکییە سەربازییەکانی.

واشنتۆن زنجیرەیەک سزای دیکەی بەسەر چەند سەرکردەیەکی دیکەی نزیک لەو گرووپەدا سەپاند کە ئەندامانی خێزانەکەی حەمیداویشی تێدابوو، بە تۆمەتی پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دارایی و لۆجستی بۆ ئۆپەراسیۆنە چەکدارییەکان.

نهێنیپارێزیی توند و ڕێکارە ئەمنییەکان

سەرەڕای قورساییە سەربازی و سیاسییەکەی، کەسایەتیی ئەبو حسێن حەمیداوی بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بە نهێنی ماوەتەوە. بەپێی سەرچاوە نزیکەکان لە گرووپە چەکدارەکان، نهێنیپارێزییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک:

بە دەگمەن مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەکاردەهێنێت و بۆ پەیوەندیکردن تەنها پشت بە یاریدەدەرە هەرە متمانەپێکراوەکانی دەبەستێت.

شوێنی مانەوە و جوڵەکانی تەنها لای بازنەیەکی زۆر تەسک لە کەسە نزیکەکانی ئاشکرایە.

هیچ دەرکەوتنێکی میدیایی ڕاستەوخۆی نییە و وێنەکانی لە ڕاگەیاندنەکاندا زۆر دەگمەنن؛ لەو بۆنە زۆر سنووردارانەشدا کە دەرکەوتووە، هەمیشە بە دەموچاوی داپۆشراو، چاویلکە، یان جامانەوە بینراوە، ئەمەش وایکردووە شێوەی ڕاستەقینەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ لای ڕای گشتی نادیار بێت.

دزەپێکردنەکانی 2022 و تۆڕی خێزانیی ناو گرووپەکە

لە ساڵی 2022دا، چەند هەژمارێکی هەواڵی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کۆمەڵێک وێنە و زانیارییان بڵاوکردەوە کە دەگوترا هی حەمیداوی و ئەندامانی خێزانەکەیەتی؛ ئەم ڕووداوە وەک گەورەترین دزەپێکردنی زانیاری لەسەر ناسنامە کەسییەکەی لێکدرایەوە.

ئەو زانیارییانە پەردەیان لەسەر تۆڕێکی خێزانیی فراوان لەناو کەتائیبی حزبوڵڵادا هەڵدایەوە، کە تێیدا دەرکەوت چەندین برای حەمیداوی پۆستی هەستیاری ڕێکخراوەیی، ئەمنی و داراییان لەناو گرووپەکەدا بەدەستەوەیە. ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ پێکهاتەی داخراو و خێزانیی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان سەیر دەکرێت.

هەروەها لەو زانیارییانەدا ناوی زەید حەمیداوی کوڕی هاتووە، کە بەردەوام مشتومڕ و گومانی لەسەرە سەبارەت بەوەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە بەڕێوەبردنی هەژماری بەناوبانگی ئەبو عەلی عەسکەریـیەوە هەبێت لە پلاتفۆرمی ئێکس (تویتەری پێشوو)، کە بەیاننامە و هەڵوێستە فەرمییەکانی کەتائیبی حزبوڵڵا بڵاودەکاتەوە.

مشتومڕە سیاسییەکان و ململانێ هەرێمییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی عێراق، ناوی حەمیداوی بە قۆناغی دوای خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019ـەوە بەستراوەتەوە. چالاکوانان و ڕەخنەگران، کەتائیبی حزبوڵڵایان بە تێوەگلان لە تیرۆرکردنی چالاکوانان و هاووڵاتییانی مەدەنی تۆمەتبار کرد، هەرچەندە ئەم تۆمەتانە لە چوارچێوەی مشتومڕی سیاسی مانەوە و بڕیارێکی دادوەریی یەکلاکەرەوەیان لەسەر دەرنەچوو.

لەسەر ئاستی هەرێمیش، چاودێران حەمیداوی بە یەکێک لە دیارترین نوێنەرانی هەژموونی ئێران لەناو گرووپە چەکدارەکانی عێراقدا دادەنێن. لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوامەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، کەتائیبی حزبوڵڵا وەک یەکێک لەو گرووپە عێراقییانە دەرکەوت کە چووە سەر هێڵی ڕووبەڕووبوونەوە لە ناوچەکەدا و لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا گوتارێکی توندی پەرەسەندنی گرتەبەر و باسی لە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی خۆی کرد بۆ پشتیوانیکردن لە ئێران لە ململانێکانیدا دژی ئەمریکا و ئیسرائیل.

Back to top button