شیعەکان پەیامیان ناردووە: دوای جورف سەخر نۆرەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانە

سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی لە بەغداوە تایبەت بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، لەنێو پەرلەمانتارانی شیعە و بەشێک لە سەرکردەکانیان بۆچونێک دروستبووە، کە فشار بخەنەسەر عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێرق بۆ کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت خورمەڵە و کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک.

وەک ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر باسیکرد، ئەو لایەنانە لە میدیاکانیانەوە کار لەسەر دروستکردنی رایەکی گشتی دژی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەیانەوێت سەرۆک وەزیران لە قۆناغی داهاتوودا، سوپای عێراق ڕەوانەی کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بکات.

پەرلەمانتارێکی کورد لەبەغدا لەبەر هەستیاریی بابەتەکە داوایکرد ناوەکەی ئاشکرانەکرێت بەکورد مۆنیتەر-ی گوت: “بەشێک لە پەرلەمانتارە شیعەکان پێیان گوتوم، حکومەت دەچێتە جورف سەخر و کۆتایی بە قاچاخچێتی نەوت دەهێنێت، دوای جورف سەخر نۆرەی هەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانەیە کە قاچاخچێتی تێدا دەکرێت”.

هەرێمی کوردستان خاوەنی چەندین کێڵگەی نەوتی و گازییە کە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم و ناوچە کێشەلەسەرەکان بڵاوبوونەتەوە، کێڵگەکان بەم شێوەیە دابەش دەبن:

  • ناوچەکانی هەولێر و دهۆک و بادینان: خورمەڵە، تاوکێ، سەرسەنگ، شێخان، ئەتروش، هەولێر، سەرتا، باشیقە، عەین زالە و بەتمە.
  • ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و کەرکوک: گەرمیان، کۆرمۆر، تەقتەق، چەمچەماڵ، بابەگوڕگوڕ و بای حەسەن.
  • ناوچەکانی باشووری هەرێم: نەوتخانە لە خانەقین
Back to top button