
دوای چونە ناوەوەی سوپای عێراق بۆ جورف نەسر، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەپەیامێکدا سوپاسی هێزەکانی سوپای کرد و بە تایبەتیش سوپاسی فەریق روکن ئەحمەد حاتم حەمید-ی کرد، ئەو فەرماندەیەی ئەمڕۆ دوای زیاتر لە 12 ساڵ دەسەڵاتی حکومەتی گەڕاندەوە بۆ جورف نەسر.
بەپێی فەرمانێکی دیوانیی کە لەلایەن عەلی زەیدی دەرچوو، فەریق روکن ئەحمەد حاتم حەمید ئەسەدی، بۆ فەرماندەیی بارەگای کۆنترۆڵکەر لە ناوچەی جورف نەسر لە پارێزگای بابل راسپێردر، فەریق روکن ئەحمەد حاتم حەمید ئەسەدی کێیە؟
فەریق روکن ئەحمەد حاتم ئەسەدی بە یەکێک لەو فەرماندە سەربازی و ئەمنییانە دادەنرێت کە لەناو پێکهاتەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیدا، پلە بە پلە چەندین پۆستی باڵای فەرماندەیی بڕیوە.
ئەسەدی خاوەنی ئەزموونێکی دوورودرێژە، لە چەندین پۆستی جیاوازدا کاری کردووە و ئەرکی هەستیاری لە ناوەندی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقدا پێ سپێردراوە.
پێشتر فەریق روکن ئەحمەد حاتم ئەسەدی پۆستی سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵیی بەڕێوە بردووە، پێش ئەوەی لە تشرینی دووەمی 2022 وەک جێگری فەرماندەی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی دەستنیشان بکرێت.
هەروەها ئەسەدی لە تشرینی دووەمی 2023 تا ئابی 2026، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و ناوچەی سامەڕای سەر بە پۆلیسی فیدراڵیی گرتە دەست و لەو ماوەیەدا سەرپەرشتیی دۆسیەی ئەمنی، پاراستنی کەرتەکانی بەرپرسیارێتی و شورەی ئەمنیی شارەکەی لە پارێزگای سەڵاحەدین کردووە.
ئەرکێکی سەخت
لە ئەرکە نوێیەکەیدا، ئەسەدی فەرماندەیی بارەگایەک دەکات کە لە رووی کارگێڕی و ئۆپەراسیۆنەکانەوە بە فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵییەوە دەبەسترێتەوە و بەپێی بڕیارە فەرمییەکە، لە ئەمڕۆ هەینییەوە دەستبەکار بووە.
ئەم بارەگایە سەرپەرشتیی چەندین پێکهاتەی سەربازی و ئەمنیی جۆراوجۆر دەکات، کە پێکدێن لە لیوایەکی سوپای عێراق، لیوایەکی پۆلیسی فیدراڵی و دوو لیوای دەستەی حەشدی شەعبی، سەرەڕای فەوجێکی پۆلیسی وزە کە ئەرکی پاراستنی هەر سێ بۆرییە نەوتییەکەی ناوچەکەی لە ئەستۆدایە.
راسپاردنی ئەسەدی لە چوارچێوەی دووبارە رێکخستنەوەی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی دێت لە جورف نەسر —کە پێشتر بە جورف سەخر ناسرابوو—؛ ناوچەیەک کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لەژێر هەژموون و باڵادەستیی ئەمنیی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقیدا بووە.
دەستپێکردنی کارەکانی ئەم بارەگا نوێیە هاوکاتە لەگەڵ ئەو مۆڵەتەی بۆ کشانەوەی کەتائیب لە ناوچەکە دیاریکرابوو؛ ئەم پێشهاتەش فەرماندەییەکەی ئەسەدی دەخاتە بەردەم ئەرکی بەڕێوەبردنی هەماهەنگی لە نێوان پێکهاتە سەربازی و ئەمنییە جیاوازەکاندا، سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی ئەمنی و پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان.





