تسورکۆڤ ئەو ژنەی لە جورف سەخر پشتی حزبوڵڵای عێراقیی شکاند و تۆڵەی لێکردنەوە

ئێلیزابێس تسورکۆڤ، توێژەری ئیسرائیلی-ڕووسی کە لەلایەن حزبوڵڵای عێراقیەوە بارمتە بوو، ئاشکرای کرد کەتائیبی حزبوڵڵا لە ماوەی چوار مانگ و نیوی یەکەمی دەستبەسەرکردنیدا، لەناو ماڵێکی خێزانیدا لە ناوچەی جورف سەخر لە باشووری بەغدا دەستبەسەریان کردووە. هاوکات جەختی کردەوە کە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی حکوومەتی عێراق لەوەدا دەردەکەوێت کە ئایا ئاوارەکان دەگەڕێنەوە و ناوچەکە جارێکی دیکە دەخرێتەوە ژێر دەسەڵاتی مەدەنی یان نا.

تسورکۆڤ کە توێژەری باڵایە لە پەیمانگای نیولاینز بۆ ستراتیژ و سیاسەت، لە مانگی ئاداری 2023 لە بەغدا ڕفێندرا و بۆ ماوەی 903 ڕۆژ وەک بارمتە دەستبەسەر کرا، دوای ئەوەی لە ئەیلوولی 2025دا و لە دوای دانوستان و فشارە بەردەوامەکانی ئیدارەی ترەمپ ئازاد ئازاکرا.

تسورکۆڤ داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد کە پشکنین بۆ ڕووبەرێکی فراوانتر بکەن تا شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەری جورف سەخریش بگرێتەوە، بە مەبەستی گەڕان بەدوای زیندانە نهێنییەکان، گۆڕە بەکۆمەڵەکان و کۆگاکانی چەکدا، هەروەها گەڕاندنەوەی خانووە دەستبەسەرداگیراوەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان.

بەپێی خەمڵاندنەکانی ئەو، لە نێوان 120 هەزار بۆ 180 هەزار کەس لە قەزاکە و ناوچەکانی دەوروبەری ئاوارە بوون، ئەمەش دوای ئەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ساڵی 2014دا یارمەتیدەر بوون لە دەرکردنی ڕێکخراوی داعش، بەڵام دواتر ڕێگرییان کرد لە گەڕانەوەی زۆرینەی دانیشتووانە سوننەکان.

تسورکۆڤ گوتی: ئەگەر ڕێگە بە عێراقییەکان بدرێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوا دەبێتە نیشانەیەک بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی دەوڵەت.

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک هەڵمەتێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەخرێتە ڕوو، نەک هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە سەربازییەکەی کەتائیبی حزبوڵڵا؛ چونکە گرووپەکە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بنکەی هەیە و دەستی بە دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێراندا دەگات، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات تەنانەت ئەگەر کۆنترۆڵی جورف سەخریش لەدەست بدات، دووبارە خۆی بە چەک پڕچەک بکاتەوە.

هەروەها مۆڵەتی گشتیی چەکداماڵینی —کە تا مانگی حوزەیرانی 2027 درێژ کراوەتەوە— بە “تەواو دوور لە واقیع” وەسف کرد و ڕایگەیاند کە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق پێویستیان بە چەندین ساڵ لە چاکسازی هەیە تا بتوانن بە شێوەیەکی بەردەوام ڕووبەڕووی میلیشیاکان ببنەوە.

ئۆپەراسیۆنی جورف سەخر لە دوای لێکۆڵینەوەیەکی ئاژانسی ڕۆیتەرز دێت کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە و تێیدا بەرپرسانی عێراق کەتائیبی حزبوڵڵایان بە دزینی سەدان ملیۆن دۆلار لە نەوتی دەوڵەت لە ساڵی 2021ـەوە تۆمەتبار کردبوو. لەسەر پاشخانی ئەم دۆسیەیە، حکوومەت نۆ بەرپرسی ئەمنی و کارگێڕیی لەکار لادا و تۆمەتبارانی ڕەوانەی دادگا کرد، لە کاتێکدا میلیشیاکە ئەنجامدانی هەر جۆرە سەرپێچییەک ڕەت دەکاتەوە.

تسورکۆڤ —کە لە ماوەی زیندانیکردنیدا لە سێ زیندانی جیاوازدا مامەڵەی لەگەڵ نزیکەی 45 کەسدا کردووە و دواتریش چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەندامانی پێشووی میلیشیاکاندا ئەنجام داوە— پێکهاتەی ڕێکخراوەکە بەوە وەسف دەکات کە لە لایەنگرانی پابەند بە ئێران پێکدێت، شانبەشانی گرووپێکی گەورەتر لە چەکداران کە لەپێناو مووچە، پێگە و دەسەڵاتدا پەیوەندییان پێوە کردووە.

ناوبراو دەشڵێت زۆربەی ئەوانە دوای کۆتاییهاتنی شەڕە سەرەکییەکانی دژی ڕێکخراوی داعش چوونەتە ناو میلیشیاکەوە و نایانەوێت لەپێناو خزمەتکردنی ئێراندا بمرن. هەر بۆیە پێشنیازی کرد بەشێک لەو چەکدارانە لەژێر فەرماندەییەکی سەربەخۆدا تێکەڵ بە سوپای نیزامیی عێراق بکرێن، بە شێوەیەک کە دەرفەتی کاری جێگرەوەیان بۆ بڕەخسێنێت و لە هەمان کاتدا پێکهاتەی سەرکردایەتیی ئێستایان هەڵبوەشێنێتەوە.

لە کۆتاییدا، تسورکۆڤ گومانی خۆی لە جددیبوونی ئۆپەراسیۆنەکە نیشان دا و جەختی کردەوە کە پێوەری سەرکەوتن تەنیا لە چوونەناوەوەی سوپا بۆ ناوچەکەدا قەتیس نابێت، بەڵکو لە گەڕانەوەی دەسەڵاتی مەدەنیدایە، و گوتی: یان دەوڵەت لەوێ بوونی هەیە و خەڵک دەتوانن بگەڕێنەوە، یان نا.

جێی ئاماژەیە، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لە مانگی ئایاری 2023دا ڕایانگەیاندبوو کە ئێلیزابێس تسورکۆڤ لە عێراق بێسەروشوێن بووە و لای گرووپی چەکداری حزبوڵڵای عێراقیی سەر بە ئێران دەستبەسەر کراوە.

Back to top button