مشتە پۆڵاینەکەی عەلی زەیدی؛ ئەو فەرماندەیەی هاوسەنگیی هێز لە عێراقدا دەگۆڕێت

فەرماندەیەکی مەیدانیی بریندار و پیشەگەری فیرقەی ئاڵتوونییە، لە دۆسیەی گەندەڵییەوە بۆ جەنگی جورف سەخر، وەک قورسترین و کاریگەرترین گورزی دەستی عەلی زەیدی دەردەکەوێت، ئەو فەرماندەیەی بە ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری و ورد، هاوسەنگیی هێز لە گۆڕەپانی عێراقدا دەگۆڕێت

فەریق ڕوکن زەید حوشی موسەوی یەکێکە لە فەرماندە سەربازییە باڵاکانی عێراق و لە ناوەڕاستی ئەمساڵەوە وەک سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەستبەکاربووە، دوای ئەوەی جێگەی فەریق ڕوکن کەریم عەبود تەمیمی گرتەوە.

زەید حوشی، دەرچووی کۆلێژی سەربازیی عێراقە (خولەکانی سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو) و هەروەها بڕوانامەی ماستەری لە زانستە سەربازییەکان لە کۆلێژی ئەرکانی عێراق بەدەستهێناوە، کە بەهۆیەوە نازناوی “ڕوکن”ی پێبەخشراوە.

ئەفسەرێکی پیشەگەری بواری هێزە تایبەتەکان و پیادەیە، بەدرێژایی خزمەتی سەربازی لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکاندا بووە.

دیارترین ئەو پۆستانەی وەریگرتوون

پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی دەزگاکە، فەرماندەی فیرقەی هێزە تایبەتەکانی یەکەم بوو لە ناو دەزگای دژەتیرۆر، کە بە “فیرقەی ئاڵتوونی” ناسراوە.

لە قۆناغێکی تردا وەک بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکان و پاشان جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان لە دەزگای دژەتیرۆر کاری کردووە.

پێش وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر، بۆ ماوەیەک وەک ڕاوێژکاری سەربازی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستنیشان کراوە.

لە مانگی تەمموزی 2026 بە فەرمانی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، وەک سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەستنیشان کرا.

ڕۆڵی لە شەڕەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا

لە شەڕی دژی داعش لەنێوان (2014 – 2017)، ڕۆڵێکی سەرەکی و مەیدانی هەبووە لە سەرکردایەتیکردنی هێزە تایبەتەکان لە پرۆسەکانی ڕزگارکردنەوەی شارەکانی تکریت، ڕەمادی، فەلوجە و بە تایبەتیش شەڕی سەختی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ.

بەهۆی ئەوەی دەزگای دژەتیرۆر ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکاوە مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە، زەید ئەلموسەوی ئەزموونێکی زۆری هەیە لە هەماهەنگیی سەربازی و هەواڵگری لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان.

لە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی دەزگاکە، جەختی لەسەر گۆڕینی شێوازی کارکردنی دژەتیرۆر کردووەتەوە لە شەڕی بەرەییەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی هەواڵگریی ورد، دابەزینی ئاسمانی (إنزال جوي)، و ڕاوەدوونانی شانە نوستووەکانی داعش لە ناوچە سەختەکانی وەک زنجیرە چیاکانی حەمرین، وادی شایی و بیابانی ئەنبار.

پێگە و تایبەتمەندیی کەسی

لە نێو دامەزراوەی سەربازیی عێراقدا بە ئەفسەرێکی پیشەگەر و دوور لە ململانێ سیاسی و حزبییەکان دەناسرێت، کە زیاتر بە پلەبەندیی سەربازی و لێهاتوویی مەیدانی گەیشتووەتە ئەم پۆستە باڵایە.

چەندین جار لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی داعش بریندار بووە، ئەمەش وایکردووە لە ناو سەرباز و ئەفسەرانی دەزگاکەدا پێگەیەکی جەماوەری و مەعنەویی بەهێزی هەبێت

چەکوشەکەی دەستی عەلی زەدی

دژەتیرۆری عێراق لە دەستبەکاربوونی عەلی زەیدییەوە گورزێکی بەهێزە بە دەست سەرۆک وەزیرانەوە و لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بە دۆسیەی گەندەڵی جومەیلییەوە تێوەگلابوون ڕۆڵی گەورەیان بینی، لە رووی هەواڵگری و دەستنیشانکردنی شوێنەکان و هەڵکوتانە سەر.

لە دۆسیەی جورف سەخر کە پێگەی سەرەکی حیزبوڵای عێراقییەو یەکێکە لە ناوچە هەستیار و ستراتیژییەکانی عێراق، سەرەڕای گوشارەکان بۆ وازهێنانی لە دۆسیەی جورف سەخر، بەڵام عەلی زەیدی بە پشتیوانی دژەتیرۆر سوربوو لەسەر کۆنترۆڵکردنی.

Back to top button