چیرۆکی غەزاڵ بە برینداریی لە زاری کارمەندێکی نەخۆشخانەی شۆڕش

  • پەرۆشی چارەسەرکردنی غەزاڵ بووم، نانم نەخوارد و نوێژەکەشم فەوتا
  • ئەوەی پێویست بوو لە نەخۆشخانەی شۆڕش بۆمان کرد
  • لەماوەیەکی زۆر کەمدا سێ بوتڵ خوێنمان بۆ پەیدا کرد

غەزاڵ مەولایی، کچە پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە چیرۆکی برینداربوون و شەهیدبوونەکەی بە ئازارەوە، دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، چارەسەرنەکردنی لە هیچ نەخۆشخانەیەکی ئەهلی پرسیارێکی ئەخلاقیی وروژاندووە، ئامادەنەبونی هیچ نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەرکردنی غەزاڵ، دەکرێت شۆکێکی گەورە بێت بۆ نیشاندانی ئەو کارەساتەی لە سێکتەری تەندروستی-کەرتی ئەهلی-دایە.

غەزاڵ پاش نێوەڕۆی رۆژی 14ی نیسان، وەک هەر ڕۆژێکی ئاسایی دوای سەرقاڵیی و کاری ڕۆژانەی، لە كەمپی كوردانی رۆژهەڵات لە ناحیەی سورداش ویستبووی سەرخەوێک بشکێنێت، بەڵام نەیزانی ئەو خەوە دەبێتە مۆتەکە بۆی، چونکە لەو کاتەدا هێرشی درۆنیی کرایەسەر کەمپەکەیان و لەگەڵ دوو هاوڕێی تریدا بەهۆی هێرشەکەی ئێرانەوە برینداربوون.

غەزاڵ خەڵکی شاری مەهاباد بووە کە وەک هەزاران کچی شۆڕشگێڕی کوردستان، ریزەکانی کۆمەڵەی بۆ تێکۆشان و خەبات هەڵبژاردبوو، تەمەنی 19 ساڵە، ماوەی ساڵێک بوو ببوە پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکیشانی کوردستان و هاوسەرەکەیشی بەهەمانشێوە پێشمەرگە بووە.

غەزاڵ بەهۆی هێرشەکەوە دوو پارچەی تەقینەوەی درۆنەکەی بەرکەوتبوو، یەکێکیان لە قاچی و ئەوەی دیکەی لە پشتی، بەڵام برینی دووەمی قورس بووە، دەستبەجێ غەزاڵ لە سورداشەوە دەبرێتە نەخۆشخانەی شۆڕش لە سلێمانی. شاهۆ ساڵح، کارمەندی تاقیگە لە نەخۆشخانەی شۆڕش بەمشێوەیە چیرۆکی گەیشتنی غەزاڵ بۆ نەخۆشخانە دەگێڕێتەوە:

“کاتێک ئەو گەیشت، لەبەر ناجێگیریی باری تەندروستیی، هیچ نەخۆشێکی دیکەمان وەرنەگرت. تەواوی پزیشک و کارمەندەکان سەرقاڵی چارەسەرکردنی بووین، لەماوەیەکی کەمیشدا سێ بوتڵ خوێنمان بۆ دابینکرد. تەنانەت لەبەر سەرقاڵبوونم بەو بریندارەوە نوێژی ئێوارەم فەوتا”.

لە درێژەی گێڕانەوەکەدا شاهۆ ساڵح دەڵێت: “ئەوەندە سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو بریندارە بوون، نەپەرژامە سەر ئەوەی نانیش بخۆم”.

غەزاڵ لە نەخۆشخانەی شۆڕش پێویستی بە خزمەتگوزارییە گرنگەکان وەک ( (MRI، تیشک، و ICU) ) بوو، نەخۆشخانەکە نەیتوانی ئەو خزمەتگوزارییانە پێشکەش بکات، هاوەڵەکانی غەزاڵ ناچاربوون بریندارەکەیان بەرنە سێ نەخۆشخانە بەدوای یەکدا (سەرەتا ئاسیا، بەخشین، مێرسی) بەڵام هیچ کام لەو نەخۆشخانانە ئامادەنەبوون غەزاڵ وەربگرن، ئەوەش بە بیانووی کەیسەکەی کە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە بریندار بوو.

پرسی وەرنەگرتنی برینداران لە نەخۆشخانەکان بەهۆی ململانێی سیاسی یان ئایدۆلۆژییەوە، یەکێکە لە لاپەڕە هەرە تاڵەکانی مێژوو کە تێیدا بنەماکانی مرۆڤایەتی دەبنە قوربانیی کێشەی دەسەڵاتداران. نەخۆشخانەکان لەبری ئەوەی شوێنی چارەسەر بن، بوونەتە بەشێک لە ململانێی سیاسی.

 

 

 

Back to top button