ئەگەر میلیشیاکانی عێراق دەستیان بەسیستمی بەرگریی سەر شان گەیشتبێت چ مەترسییەک لەسەر ئیسرائیل دروست دەکەن؟

لە 17ی تشرینی یەکەمدا، تەقینەوەیەک کۆگایەکی تەقەمەنیی لە بارەگایەکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا هەژاند. حەشدی شەعبی ڕایگەیاند کە پێنج کارمەندیان بە سووکی بریندار بوون، لە کاتێکدا سەرچاوە ئەمنی و پزیشکییەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە کەسێک کوژراوە و چواری دیکەش بریندار بوون.

لە 18ی تشرینی یەکەمدا، حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوە دا کە دەرەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوە هونەرییەکان دەریدەخەن, ڕووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکیی ناوخۆییەوە بووە و هیچ ئاماژەیەک بۆ هێرشی دەرەکی نییە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەوەی کە لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن. شەش ڕۆژ دواتر، ڕۆژنامەی «شەرقولئەوسەت»ی سعوودی بڵاوی کردەوە کە بەغدا گومانی هەیە هێرشی ئاسمانی کرابێتە سەر دوو پێگەی گرووپە چەکدارەکان کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هەڵگیراوی سەرشانی دروستکراوی چینی تێدابووە و دەگوترێت لە ئێرانەوە گواستراونەتەوە.

بەرپرسانی عێراق دانیان بەوەدا ناوە کە حکومەت بەڵگەی یەکلاکەرەوەی لەبەردەستدا نییە بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە، هەروەها نەتوانراوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ گواستنەوەی ئەو چەکانە بۆ ناو عێراق پشتڕاست بکرێتەوە. ڕاپۆرتە بەردەستەکانیش یەکلاییان نەکردووەتەوە کە ئایا تەقینەوەکەی 17ی تشرینی یەکەم پەیوەندیی بە هیچ کام لەو دوو هێرشە گومانلێکراوەوە هەبووە یان نا.

ئەم دژبەیەکییە لە زانیارییەکاندا ڕەنگدانەوەی ئەو تەمومژە بەردەوامەیە کە باڵی بەسەر جەنگی سێبەری ناوچەکەدا کێشاوە؛ جەنگێک کە تێیدا ڕووداوی تەقینەوەی کۆگاکان، دزەپێکردنی زانیاریی هەواڵگری و گێڕانەوە سیاسییە دژبەیەکەکان بەردەوام تێکەڵ بەیەکتر دەبن. ڕاپۆرتەکە بۆیە سەرنجی زۆری ڕاکێشا چونکە دوای ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز هات لە 29ی تەممووزدا، کە لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردبووەوە ئێران ڕێککەوتنێکی واژۆ کردووە بۆ کڕینی 300 بۆ 400 سیستەمی بەرگریی جۆری (QW-12) و (FN-16)ی دروستکراوی چین. پەکین ڕاپۆرتەکەی ڕەتکردەوە و ڕادەستکردنی چەکەکانیش پشتڕاست نەکرایەوە.

سەرەڕای ئەوەش، یەکگرتنەوەی ئەم زانیارییانە پرسیارێکی ڕەوا بۆ ئیسرائیل دەوروژێنێت, پرسەکە ئەوە نییە کە ئایا تەقینەوەکە هێرش بووە یان ڕووداوێکی تەکنیکی، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کە هاتنەناوەوەی مووشەکی پێشکەوتووی سەرشان بۆ ناو عێراق، چۆن کار دەکاتە سەر ئازادیی جموجۆڵی ئیسرائیل لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا، کە ڕەنگە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتوو دژی ئێران گرنگ بێت.

هەڵسەنگاندنی ئەو سیناریۆیە پێویستی بە جیاکردنەوەی هاشوهوشی میدیایی هەیە لە ڕاستییە زانستییەکانی فڕین, بوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی لە دەستی گرووپە چەکدارەکاندا، باڵادەستیی ئاسمانیی ئیسرائیل لەناو نابات و ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنی هێرشبەریی دوورمەودا بۆ سەر ئامانجە ستراتیژییەکان ناکات. لە بەرزاییەکانی سەرووی 30 هەزار پێدا، فڕۆکە جەنگییە هێرشبەرەکانی ئیسرائیل زۆر لە سەرووی مەودای کاریگەریی مووشەکی (QW-12)ەوە دەفڕن، کە بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان مەوداکەی نزیکەی چوار هەزار مەترە. هەرچەندە جۆری ئەو مووشەکانەی دەگوترێت ڕەوانەی عێراق کراون بەشێوەیەکی سەربەخۆ دەستنیشان نەکراون، بەڵام سیستەمەکانی بەرگریی سەرشان (MANPADS) لەم پۆلەدا، بە پلەی یەکەم هەڕەشە لەو فڕۆکانە دەکەن کە لە نزمدا دەفڕن، نەک پۆلە فڕۆکە هێرشبەرەکان لە بەرزاییە زۆرەکاندا.

ئاستەنگی ڕاستەقینە کە بەهۆی مووشەکە هەڵگیراوەکانەوە دروست دەبێت، لە پرۆسەی گەڕان و ڕزگارکردنی جەنگیدا دەردەکەوێت. ئەگەر فڕۆکەیەکی جەنگی لە ئاسمانی ناوەڕاست یان ڕۆژئاوای عێراقدا تووشی کێشەیەکی میکانیکیی قورس، پێکدادانی باڵندە، یان زیانی جەنگی ببێت، ڕەنگە فڕۆکەوانەکەی ناچار بێت بە پەڕەشووت خۆی فڕێ بداتە خوارەوە. لەو کاتەدا پرۆسەی ڕزگارکردنی پێویستی بەوە دەبێت هێلیکۆپتەرەکانی گواستنەوە لە بەرزاییەکی نزمدا بچنە ناو خاکێکی دوژمنەوە، دواتر لە شوێنی تیمی فڕۆکەکە نزیک ببنەوە و لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کورت لە ئاسماندا بوەستن یان بنیشنەوە. شێوازی وردی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەوێتە سەر بارودۆخەکە، بەڵام مانەوەی زۆر لە نزیک شوێنی دەربازکردنەکە، مەترسیی هێرشی تیمە خۆشاردووەکانی بەرگریی ئاسمانی زیاد دەکات.

لە بەرزایی نزمدا، هەڕەشەکە تەنیا پەیوەست نییە بە مەودای مووشەکەکەوە، بەڵکو پەیوەستە بە توانای بەرگەگرتنی مووشەکەکە لە بەرامبەر سیستەمی خۆپارێزی و پووچەڵکردنەوەی فڕۆکەکەدا. تەقاندنی تۆپەڵە ئاگرینەکان دەتوانێت هەستەوەرە کۆنەکان بخەڵەتێنێت، بەڵام ناتوانێت گەرەنتیی پاراستن بکات لە بەرامبەر سیستەمە پێشکەوتووەکانی ئاراستەکردندا. زانیارییە چینییەکان لەبارەی مووشەکی (QW-12) بانگەشەی ئەوە دەکەن کە توانایەکی بەرزتری هەیە بۆ بەرگەگرتنی شەپۆلی تێکدەر (تەشویش)، هەرچەندە کارایی جەنگیی ئەم مووشەکە لە بەرامبەر سیستەمە خۆپارێزییەکانی ئیسرائیلدا هێشتا تاقی نەکراوەتەوە و پشتڕاست نەکراوەتەوە.

لەبەر ئەوەی ئەم مووشەکانە پشت بە ڕێنمایی تیشکی ژێر سووری ناچالاک دەبەستن، ئامێرەکانی هۆشداریی ڕادار بە تەنیا ناتوانن هەست بە تەقاندنیان بکەن. لەبری ئەوە، هۆشداریپێدان دەکەوێتە سەر بوونی سیستەمی گونجاوی ئاشکراکردنی نزیکبوونەوەی مووشەک یان بینینی بە چاو، کە دوای ئەوە ڕەنگە ڕێکارە خۆپارێزییە بەردەستەکان یارمەتیدەر بن بۆ تێکدانی ڕێڕەوی مووشەکە هاتووەکە. لە مەودا ئاساییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەدا، کاتی کاردانەوە یەکجار کورتە، ئەمەش وا دەکات ئۆپەراسیۆنی هێلیکۆپتەرەکان لە بەرزایی نزمدا لەناو خاکی دوژمندا کارێکی سەخت بێت. ئەو هێلیکۆپتەرانەی هەوڵی دەربازکردنی فڕۆکەوانەکان دەدەن، ڕووبەڕووی مەترسییەکی توند دەبنەوە ئەگەر تیمێکی خۆشاردووەی گرووپە چەکدارەکان لە شوێنێکی چاوەڕواننەکراوەوە مووشەکێکی پێشکەوتوو بتەقێنێت.

دووەم بوار کە ڕەنگە ڕووبەڕووی کۆتوبەند ببێتەوە، چاودێریی ئاسمانیی بێفڕۆکەوانە، هەرچەندە پێوەرە تەکنیکییەکان پێویستیان بە ڕوونکردنەوەی ورد هەیە. درۆنە ستراتیژییە پێشکەوتووەکانی ئیسرائیل لە بنەڕەتدا لەناو مەودای چەکەکانی سەرشاندا گیر ناخۆن. کۆمپانیای پیشەسازیی ئاسمانیی ئیسرائیل (IAI) ئاماژە بەوە دەکات کە درۆنی (Heron TP Eitan) توانای فڕینی هەیە تا بەرزایی 45 هەزار پێ، لە کاتێکدا کۆمپانیای (Elbit) بەرزترین ئاستی فڕینی درۆنی (Hermes 900 Kochav)ی بە 30 هەزار پێ دیاری کردووە. لە نزیک بەرزترین ئاستی فڕیندا، هەردوو جۆرەکە بەئاسوودەیی لە سەرووی سنووری چوار هەزار مەتریی مووشەکی (QW-12)ەوە دەفڕن. بەڵام بوونی توانای فڕین لە بەرزترین ئاستدا بەو مانایە نییە کە هەموو ئەرکێک لەو بەرزاییەدا ئەنجام دەدرێت. پێداویستییەکانی دەستنیشانکردنی وردی ئامانجەکان، کۆکردنەوەی زانیاری لە بەرزایی نزمدا، کاتی بەرزبوونەوە و دابەزین، هەروەها ئۆپەراسیۆنی درۆنە تاکتیکییە بچووکترەکان، دەکرێت وا بکەن بکەونە ناو کایەی فڕینی نزمترەوە. ئەم هاوکێشەیە ناچار بە داڕێژەرانی پلانە سەربازییەکان دەکات کە هاوسەنگی لە نێوان وردیی کامێرا و هەستەوەرەکان لە لایەک، و مەترسیی پێکرانی درۆنەکە لە لایەکی دیکە ڕابگرن.

ئەم مەترسییە تاکتیکییە بەهۆی واقیعی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنیی عێراقەوە زیاتر دەبێت. هەرچەندە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ڕووی یاساییەوە بەشێکن لە دەوڵەتی عێراق و مووچە لە گەنجینەی گشتی وەردەگرن، بەڵام فەرماندەییەکەیان هێشتا پەرتەوازەیە. گرووپە سەرەکییەکانی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ تاران هەیە و سەربەخۆ لە چاودێریی دەسەڵاتی مەدەنی لە بەغدا کار دەکەن. کاتێک چەکی پێشکەوتوو دەچێتە ناو تۆڕی ئەم گرووپانەوە، بەغدا ناتوانێت گەرەنتیی کۆنترۆڵکردنی عەمبارکردن یان گواستنەوەیان بکات. ڕەنگە حکومەتی عێراق توانای جێبەجێکردن و گوشاری سیاسیی پێویستی نەبێت بۆ پشکنینی بەردەوامی کۆگای گرووپەکان، وردبینیکردن لە لیستی چەکەکانیان، یان کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییە نافەرمی و نهێنییەکان. بۆیە پێویستە ئیسرائیل هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات کە لە واقیعدا چەکەکان لە دەستی کێدان، نەک پشت بە دڵنیاییە فەرمییەکانی بەغدا ببەستێت.

ڕەهەندی چینیی ئەم چەکانەش پێویستی بە جۆرێک لە وریایی و وردبینی هەیە لە شیکردنەوەدا. تەنانەت ئەگەر لێکۆڵەران ژمارەی زنجیرەیی (سێریاڵ نەمبەر)ی چینی لە کۆگایەکی عێراقدا بدۆزنەوە، بوونی کەلوپەلی چینی بەڵگە نییە لەسەر ڕەزامەندیی فەرمیی حکومەتی چین. بازرگانیی چەکی نێودەوڵەتی گواستنەوەی لاوەکی و بەلاڕێدابردنی نایاسایی لە ڕێگەی نێوەندگیرە هەرێمییەکانەوە لەخۆ دەگرێت. ئێران دەیان ساڵە سەرقاڵی بنیاتنانی تۆڕی نهێنییە بۆ بەدەستهێنانی پارچەکانی سیستەمی ئاراستەکردن و چەکی هەڵگیراو لە بازاڕەکانی جیهاندا. لە کاتێکدا پەکین بەفەرمی ڕاپۆرتەکانی فرۆشتنی چەک بە لایەنە هەستیارەکان ڕەت دەکاتەوە، بەڵام سوڕانەوەی ئامێرە سەربازییەکان لە ڕێگەی زنجیرە ئاڵۆزەکانی دابینکردنەوە وەک ڕاستییەکی چەسپاو دەمێنێتەوە. جیاکردنەوەی سیاسەتی فەرمیی دەوڵەتی چین لە بڵاوبوونەوەی قاچاخ و نایاسایی چەک، بۆ هەڵسەنگاندنی وردی هەڕەشەکان یەکجار گرنگە.

ئیسرائیل لەبەردەم دووڕیانێکی سادەی نێوان هێرشی پێشوەختە و بێدەنگبووندا نییە. کاری لەپێشینەی هەنووکەیی بریتییە لە چڕکردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییەکان و بەراوردکردنی وێنەی مانگە دەستکردەکان، ئاماژە ئەلیکترۆنییەکان و ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی هاوپەیمانان بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەوەی کە ئایا سیستەمی پێشکەوتووی سەرشان هاتووەتە ناو عێراق یان نا. لە هەمان کاتدا، هێزی ئاسمانی دەتوانێت پێداچوونەوە بە ڕێڕەوی فڕین و بەرزاییەکاندا بکات لەو شوێنانەی کە سروشتی ئەرکەکە ڕێگە دەدات، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات کە ئایا هەندێک لە فڕۆکە و درۆنەکان سوود لە دانانی سیستەمی دژە تیشکی ژێر سووری ئاراستەکراو وەردەگرن یان نا. پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ واشنتۆن و گوشاری بێدەنگ بۆ سەر بەغداش دەتوانن باجی چاوپۆشیکردن لە کۆگای چەکی گرووپەکان لەسەر بەرپرسانی عێراق قورستر بکەن.

مەترسیی سەرەکی ئەوە نییە کە مووشەکە هەڵگیراوە چینییەکان هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل پەک بخەن یان ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنی دوورمەودا دژی ئێران بکەن؛ بەڵکو مەترسییەکە لەوەدایە کە دەتوانن هەنگاو بە هەنگاو تێچوو و مەترسیی ئەرکەکانی چاودێری بەرز بکەنەوە و هێلیکۆپتەرەکانی ڕزگارکردن لە خاکی دوژمندا بخەنە بەردەم بۆسەی کوشندەوە. تۆماری ئیسرائیل لە درێژایی ستراتیژیی «جەنگی نێوان جەنگەکان»دا شێوازێکی ڕوون نیشان دەدات: پشتڕاستکردنەوەی بوون، لایەنی کۆنترۆڵکەر و شوێنی چەکە کاریگەرەکان پێش بڕیاردان لەسەر لێدان و پەکخستنیان. لە ساڵی 2026دا، نەتەنیاهۆ بەئاشکرا دانی نا بە ئەنجامدانی دەیان هێرش بۆ سەر کاروانەکانی گواستنەوەی چەک بۆ حیزبوڵڵا، کە ئەمەش پێشینەیەکی گرنگی چەسپاند بۆ چۆنیەتیی کاردانەوەی ئیسرائیل کاتێک نەیارەکانی هەوڵی بەدەستهێنانی توانای پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی دەدەن.

بەڵام عێراق هاوکێشەیەکی تەواو جیاواز بۆ ئیسرائیل دەخاتە ڕوو. لێدانی کۆگاکانی چەک لەناو خاکی خاوەن سەروەریی عێراقدا مەترسییەکی سیاسیی گەورەی هەیە؛ لەوانە تێکدانی سەقامگیریی حکومەتە لەرزۆکەکەی بەغدا، ئاڵۆزکردنی هەماهەنگییە هەستیارەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، و ئەگەری هەڵگیرسانی گرژییەکی فراوانتری هەرێمی. ئەم باجانە تەنیا گریمانەی تیۆری نین، بەڵکو ڕێک ئەو خاڵانەن کە تاران بە ئەگەری زۆرەوە حساباتی بۆ کردوون کاتێک تاوتوێی ناردنی ئەو جۆرە سیستەمە چەکانەی کردووە. هەر بۆیە، بڕیاری لێدان و ڕێگریکردن بڕیارێکی خۆکار و دەستبەجێ نییە، چاوپۆشی لەوەی چ بەڵگەیەک دەردەکەوێت.

پێویستە ئیسرائیل سەرەتا ئەوە یەکلایی بکاتەوە کە لە ڕاستیدا چ جۆرە چەکێک بوونی هەیە، لە کوێ جێگیر کراون و لە کۆتاییدا کێ کۆنترۆڵیان دەکات. تەنیا لەو کاتەدا بڕیاربەدەستان دەتوانن بەدروستی هاوسەنگی لە نێوان پێویستیی سەربازی و لێکەوتە سیاسییەکاندا ڕابگرن. ئەم شیکردنەوە قورسە پێویستی بە کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی ورد و پشتڕاستکردنەوەی سیستماتیک هەیە، نەک کاردانەوەی بەپەلە و شڵەژاوانە لەسەر بنەمای مانشێتی پشتڕاستنەکراوە یان دزەپێکردنی زانیاریی سەرچاوە نادیارەکان. مەترسییە عەمەلییەکان ڕاستەقینە و جیدین، بەڵام بە هەمان ئەندازەش پشتڕاستکردنەوەی ڕاستییەکان ئەرکێکی پێویستە پێش هەنگاونان بۆ هەر کردەیەک کە لێکەوتەکانی زۆر لە کێشە تاکتیکییە هەنووکەییەکە تێدەپەڕێنن.

Back to top button