دوای ئابووریی سەربەخۆ لەڕێگەی تورکیاوە؛ ئەمجارە حکومەتی هەرێم بیر لەهەناردەکردنی نەوتەکەی لەڕێگەی سوریاوە دەکاتەوە

وا دیارە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دەبێتەوە بە سەرباسی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بەڵام ئەمجارەیان لە دەروازەی سووریاوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیایەکی نەوتی نەرویجی ئاشکرای کرد، تاوتوێی ئەگەری گواستنەوەی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بۆ سەر دەریای ناوەڕاست لە ڕێگەی خاکی سووریاوەدەکات. ئەم هەنگاوە کۆمەڵێک پرسیار لەبارەی داهاتووی بەڕێوەبردنی هەناردەی نەوت و دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵییەوە دەوروژێنێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی، کە یەکێکە لە دیارترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە کە لە هەوڵی سوودوەرگرتنە لە ڕێڕەوی نوێی گواستنەوە لە ڕێگەی سووریاوە، لە ڕێگەیەکەوە کە پێشتر داخرابوو بەڵام ئێستا دەرفەتی گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست هاتووەتە ئاراوە.

بیژەن موسەوەر ڕەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ وەبەرهێنەران و شرۆڤەکاران ڕایگەیاند، کۆمپانیاکە بەجیدی لێکۆڵینەوە لەم دەرفەتانە دەکات، ئەویش لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی نەوتەکەیان بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان و فرۆشتنی بە نرخێک کە بەسترابێتەوە بە پێوەرە جیهانییەکانەوە، لەبری بەردەوامبوون لە فرۆشتنی لە بازاڕی ناوخۆییدا بە نرخێکی هەرزان.

لە ئێستادا کۆمپانیاکە نەوتی دەرهێنراوی هەردوو کێڵگەی تاوکێ و فیشخابوور بە تێکڕای 38.5 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا دەفرۆشێت، لە کاتێکدا ئاستی بەرهەمهێنانی هەردوو کێڵگەکە گەیشتووەتە نزیکەی 77.6 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا؛ ئەمەش قەبارەی ئەو بەرژەوەندییە ئابوورییانە دەردەخات کە پاڵ بە کۆمپانیاکەوە دەنێن بەدوای دەروازەی جێگرەوەی هەناردەکردندا بگەڕێت.

بەڵام گرنگیی ئەم پێشهاتە تەنیا لە سنووری بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی کۆمپانیاکەدا ناوەستێت، بەڵکو پەل دەهاوێت بۆ سروشتی پەیوەندییە نەوتییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر؛ بەتایبەت کە عێراق ململانێیەکی یاسایی و سیاسیی درێژخایەنی لەسەر هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە تێپەڕاند، کە یەکێک لە دیارترین وێستگەکانی بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە ئاداری 2023 تایبەت بە هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە کۆتایی هات.

ئەم پێشهاتانە جارێکی دیکە ئەو پرسیارە دەهێننەوە پێشەوە کە بە درێژایی ساڵانی ناکۆکیی نەوتیی نێوان هەردوولا ئامادەیی هەبووە: ئایا هەرێم مافی ئەوەی هەیە بە دابڕاو لە حکومەتی فیدراڵی، ڕێڕەوی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی بکاتەوە و گرێبەست بۆ بەبازاڕکردنی ئەنجام بدات، یان پێویستە بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەناردەکردن و مامەڵەکردن بە داهاتەکەیەوە لە چوارچێوەی سیستەمی نەوتیی فیدراڵیدا بێت؟

دەستووری عێراق، بەتایبەتی هەردوو ماددەی 111 و 112، نەوت و گازی وەک سامانی گشتیی تەواوی گەلی عێراق دیاری کردووە و شێوازی بەڕێوەبردنی نەوت و گازی دەرهێنراوی لە کێڵگەكانی ئێستادا لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکاندا ڕێکخستووە؛ هاوکات پێشتر دادگای باڵای فیدراڵی لە شوباتی 2022دا بڕیاری نادەستووریبوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی دەرکردبوو.

لێرەوە، کردنەوەی ڕێڕەوێکی جوگرافیی نوێ بۆ هەناردەکردن، کێشە یاساییەکانی پێشوو ناسڕێتەوە و لە خۆیدا دەسەڵاتێکی سەربەخۆ بۆ بەبازاڕکردنی نەوت لە دەرەوەی چوارچێوە فیدراڵییەکان نابەخشێت.

ئەم پێشنیازە دەرگا بەڕووی ئەگەری دەرکەوتنی ڕێگەیەکی نوێی هەناردەکردندا بۆ نەوتی عێراق دەکاتەوە، بەڵام پرسیارەکە پەیوەستە بەو لایەنەی کە ئیدارەدانی لەئەستۆ دەگرێت؛ ئایا لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)دا دەبێت، یان ڕێکخستنی جیاواز بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی ناو هەرێم فەراهەم دەکات؟

ساڵی 2025 هەرێمی کوردستان و بەغدا گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە، کە لەسەر بنەمای ڕادەستکردنی بڕێک لە بەرهەمەکە بە کۆمپانیای (سۆمۆ) داڕێژرابوو، ئەوەش دوای وەستانی هەناردەکردنی نەوت کە بەهۆی ناکۆکییەکانی پێشووەوە زیاتر لە دوو ساڵی خایاند.

لە کۆتاییدا دیارترین پرسیار کە دەمێنێتەوە ئەوەیە: ئایا ڕێگەی سووریا دەبێتە دەروازەیەکی زیادە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەژێر ئیدارەی بەغدادا، یان دەبێتە ڕێڕەوێک کە هەمان ناکۆکییەکانی بۆریی جەیهانی تورکی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە، بەڵام ئەمجارە لە دەروازەیەکی نوێوەو لەسەر دەریای ناوەڕاستەوە؟

Back to top button