ئەو پلاتفۆڕمەی هاککرا و 6 ملیار دۆلاری تیادا دزرا پارەی کوردیشی تیادا بوو

سەربەست نەجمەدین، شارەزای ئایتی لە نوسینێکدا دەڵێت: بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستم کەوتووە بەهۆی هاککردنی باینانسەوە بڕێکی زۆری پارەی بەکارهێنەرە کوردەکان لەو بەرنامەیەدایە و بەیەکجاری لەلایەن سیستمەکەوە وەستێنراوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، باینانس کە یەکێک لە گەورەترین پلاتفۆڕمەکانی تایبەت بە ئاڵوگۆڕ و کڕین و فرۆشتنی دراوە ئەلیکترۆنییەکان هاککراو بەهۆیەوە زیاد لە 6 ملیار دۆلار دزرا.

دەشڵێت: بەداخەوە کوردی خۆشمان بەکارهێنەری زۆری باینانسن و بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان سەدان هەزار دۆلاریان لەناویدا داناوە، بەڵام لەو بڕە بەشێکی زۆری کەوتۆتە بەر هەڵمەتی هاککردنەکە.

تا ئەم ساتە باینانس دەڵێ نزیکەی 3 ملیاریان دۆلاریان لەناو ئاپەکە بلۆک کردووەو رێگە نەدراوە جوڵەی پێبکرێ بەڵام باقییەکەی تری لەلای هاککەرەکەیە.

بەپێی راگەیەندراوی فەرمی باینانس، هۆکارەکەی گەڕاندۆتەوە بۆ دزەکردنە ناو لاپتۆپی ئەندازیارێکیان، کە ڕێگەی داوە بە هاککەرەکە دەستی بگاتە سیستمی ناوخۆیی واژۆکردن و ڕاکێشانی پارەکان.
گرنگترین ئەو دراوانەی لە هێرشەکەدا براون:
تیثەر (USDT): 1.57 ملیار دۆلار
بیتکۆین (BTC): 1.45 ملیار دۆلار
ئێثێریۆم (ETH): 883 ملیۆن دۆلار
دراوی (USDC): 823 ملیۆن دۆلار
دراوەکانی تر: سەدان ملیۆن دۆلار لە دراوەکانی ترۆن (TRX)، سۆلانا (SOL)، لەگەڵ (RLUSD، XAUT و WBETH) لەسەر 10 تۆڕی بلۆکچەینی جیاواز.

باینانس (Binance) گەورەترین و بەناوبانگترین پلاتفۆرمی جیهانییە بۆ ئاڵوگۆڕکردن و مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکانەوە، کە لە ساڵی 2017 لەلایەن چانگپێنگ ژاو (ناسراو بە CZ) دامەزراوە.

پلاتفۆرمەکە لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی مۆبایل و ماڵپەڕەوە کار دەکات، بەڵام بەکارهێنانی پێویستی بە پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە و شارەزایی هەیە، چونکە بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان هەڵبەز و دابەزی خێرای تێدایە و مەترسیی دارایی لەخۆدەگرێت.

هیچ ئامارێکی فەرمی و ورد لەسەر ژمارەی بەکارهێنەرانی پلاتفۆرمی باینانس لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە نافەرمییەکانی دامەزراوەکانی بواری کریپتۆ و جووڵەی بازاڕەکە، مەزەندە دەکرێت ژمارەی بەکارهێنەرانی دراوە دیجیتاڵییەکان لە سەرتاسەری عێراقدا لە نێوان 400 هەزار بۆ زیاتر لە 800 هەزار کەس بێت، کە زۆرینەی ڕەهایان لە ڕێگەی باینانسەوە کار دەکەن.

بەشێکی زۆر گەورەی بەکارهێنەران دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە (بەتایبەت لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک)، کە تێیدا سەدان گرووپی تێلیگرام، ناوەندی ڕاهێنان و نووسینگەی حەواڵە ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار لە ڕێگەی (USDT)ـی ناو باینانسەوە ئاڵوگۆڕ دەکەن.

Back to top button