
نابێت هیچ تورکێک سەرۆکایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان یان هیچ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بکات تاوەکو داگیرکاریی قوبرس کۆتایی دێت.
ئەردۆغان لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی کاندیدێکی تورکەوە بۆ ئەو پۆستە، هەوڵی فراوانکردنی هەژموونی سیاسی و جێبەجێکردنی بەرنامە ئایدیۆلۆژییەکەی دەدات.
خولی دووەمی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەلایەن ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، لە 31ی کانوونی یەکەمی 2026 کۆتایی دێت، بەڵام هێشتا بەربژێرێکی ڕوون بۆ شوێنگرتنەوەی لەئارادا نییە. لە سەرەتادا، وڵاتانی ئەمریکای لاتین چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد کەسێک لە ئەمریکای ناوەڕاست، ئەمریکای باشوور یان ناوچەی کاریبی جڵەوی پۆستەکە بگرێتە دەست، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە ڕایانگەیاند کە هیچ کام لە بەربژێرە ڕاگەیەندراوەکان لە ئاست پێوەرەکانی ئەواندا نین بۆ چاکسازی، و ویلایەتە یەکگرتووەکان خۆی بە پشکپشکێنەی ڕواڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نابەستێتەوە.
بەزوویی چەند بەربژێرێکی دیکە دەرکەوتن، دیارترینیان لانا نوسەیبە، بەرپرسی ئیماراتی، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی هەنگاریا، و قاسم جۆمارت تۆکایێڤ، سەرۆکی کازاخستان بوون. لە پشت پەردەشەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەوڵی چڕی داوە تاوەکو تورکێک جڵەوی پۆستەکە بگرێتە دەست و پاڵپشتیی فەریدون سینیریئۆغڵو دەکات؛ کە دڵسۆزێکی دێرینی خۆیەتی، پێشتر وەزیری دەرەوەی کاربەڕێکەر بووە و ئێستاش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکارییە لە ئەوروپا (OSCE).
ئەردۆغان و یاریدەدەرەکانی بەنهێنی لۆبییان لەلای سەرکردەکانی دیکە کردووە، بەتایبەتی لەنێو پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، و لە کۆڕە تایبەتەکاندا دەڵێن هیچ کامیان جگە لە فەرەنسا ناڕەزاییان نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەردۆغان پێی وایە لە ڕێگەی بەرتیل یان فشار و چاوترساندنەوە دەتوانێت ئیمانوێل ماکرۆن ناچار بە ڕازیبوون بکات.
ئەردۆغان تەنیا لەبەر شانازیی نەتەوەیی پاڵپشتیی کاندیدێکی تورک ناکات؛ ئەو بەردەوام هەوڵی میوانداریکردنی بۆنە نێودەوڵەتییەکان یان دانانی تورکەکان دەدات لە پۆستە سەرکردایەتییەکاندا، بە مەبەستی فراوانکردنی مەودای سیاسەتەکانی و جێبەجێکردنی بەرنامە ئایدیۆلۆژییەکەی. لە ساڵی 2011دا، داواکاریی ئیستانبوڵی بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد ڕاگەیاند. بەرپرسانی تورکیا بەئاشکرا لە ڕوانگەی ئایینەوە بانگەشەیان بۆ داواکارییەکەیان دەکرد. ئەگەمەن باغش، کەسایەتیی نزیک و جانتاهەڵگری ئەردۆغان، ڕایگەیاند کە پێدانی مافی میوانداریکردنی یارییەکان بە تورکیا دەرفەت بە ئەندامانی لێژنەی ئۆڵۆمپیی نێودەوڵەتی دەدات بیسەلمێنن کە «دژی کۆمەڵە باوەڕدارێکی دیاریکراو» لایەنگیر نین. هاوکات، لۆگۆی پێشنیازکراوی تورکیا وێنەی مزگەوت و مانگی هیلالی لەخۆ گرتبوو. تورکیا جارێکی دیکە داواکاریی بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی ٢٠٣٦ پێشکەش کردووەتەوە. بەڵام ئەگەر لێژنەی ئۆڵۆمپیی نێودەوڵەتی تورکیا هەڵبژێرێت، جا هەرچەندە بەرتیلی تورکییش پێشکەش بکرێت، مایەی شەرمەزاری دەبێت؛ چونکە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ، پێش دەستگیرکردنی بە تاوانی زۆریی جەماوەرەکەی و دروستکردنی مەترسیی سیاسی بۆ سەر ئەردۆغان، ئەو داواکارییەی ڕاگەیاندبوو.
ئەردۆغان لە کانوونی دووەمی 2005دا بەئاشکرا پاڵپشتیی لە ئەکملەدین ئیحسانئۆغڵوی کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی. بەرپرسانی تورکیا دەستنیشانکردنی ئیحسانئۆغڵویان وەک نیشانەی زیادبوونی پێگە و شکۆی تورکیا لەنێو وڵاتانی ئیسلامیدا لێکدایەوە. حیکمەت چەتین، سیاسەتمەدارێکی تورک کە وەک یەکەم نوێنەری باڵای مەدەنیی ناتۆ لە ئەفغانستان کاری کرد، مامەڵەیەکی نەرمی لەگەڵ تاڵیباندا گرتەبەر؛ تابلۆی ڕێکلام لە سەرانسەری کابول هەڵواسران کە مژدەی هاوپشتیی ئیسلامیی نێوان تورکیا و ئەفغانستانیان دەدا، نەک ناساندنی تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ. هەروەها ئەردۆغان لە ساڵانی 2013 بۆ 2018 لە ڕێگەی مانۆڕی سیاسییەوە ئەحمەد ئوزومجوی گەیاندە سەرۆکایەتیی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی. فاتیح بیرۆڵ سەرۆکایەتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دەکات و بەردەوام بانگەشەی بۆ پڕۆژەکانی نەوت و گازی ئەردۆغان کردووە، بەجۆرێک هێڵی بۆریی گاز لە ڕێگەی تورکیاوە پێ باشتر بووە لە جێگرەوە سەلامەتترەکانی یۆنان، قوبرس و ئیسرائیل.
سینیریئۆغڵو کاریزماکەی هێندەی کاریزمای مایکڵ دوکاکیسە دوای وەرگرتنی دوو ژەم دەرمانی سڕکەری کیتامین. ماوەی کارکردنی لە ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا لە باشترین دۆخدا ساردوسڕ و بێبەرهەم بووە؛ هیچ چاکسازییەکی ئەنجام نەداوە و زیاتر لە پاسەوانێک دەچێت بۆ ڕێگریکردن لەوەی ڕێکخراوەکە هیچ بەیاننامەیەک دەربکات یان هەنگاوێکی کاریگەر بنێت کە زیان بە بەرژەوەندییە دیپلۆماسی و داراییەکانی ئەردۆغان بگەیەنێت. واڵاکردنی خەزێنەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەردەم ئەودا، وەک بانگهێشتکردنی ئابڕووچوونێکی گەندەڵییە هاوشێوەی بەرنامەی «نەوت بەرامبەر بە خۆراک» لە سەردەمی کۆفی عەنان، سکرتێری گشتیی پێشووتری نەتەوە یەکگرتووەکان.
سینیریئۆغڵو پیاوی ئەردۆغانە. ئەو لە سەردەمی وەزارەتی دەرەوەی ئەحمەد داودئۆغڵودا بریکار بووە. دواتر بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەدڵسۆزی خزمەتی ئەردۆغانی کردووە. کاتێک هێزەکانی تورکیا ناوچەکانی ژێر بەڕێوەبەرایەتیی کوردیان لە سووریا داگیر کرد و پاکتاوی نەژادییان تێدا ئەنجام دا، سینیریئۆغڵو بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند کە “بە هەموو شێوەیەک هەر جۆرە شێواندنێکی ئۆپەراسیۆنە دژەتیرۆریستییەکەمان وەک هێرش یان دوژمنکاری ڕەت دەکەینەوە و بەتوندی سەرکۆنەی دەکەین”.
ئەو بەرگریی لە پاکتاوکردن و دەرکردنی دەیان هەزار هاووڵاتیی تورک کرد دوای کودەتا شکستخواردووەکەی تەممووزی 2016—کە هاوشێوەی سیناریۆی «ئاگرکەوتنەوەکەی ڕایخستاگ» بوو— و ڕایگەیاند: “ئێمە هەرگیز ئەم ناپاکی و تاوانکارییە لەبیر ناکەین”. چوار ساڵ دواتر، هۆشداریی دایە ئەو وڵاتانەی مامەڵە لەگەڵ کوردانی سووریادا دەکەن بەوەی “دەکرێت فەرشە سوورەکانتان زۆر بەخێرایی بە خوێن سوور ببن”. لە هەمان کاتدا، سینیریئۆغڵو لە ئاست دابینکردنی پەناگەی ئارام لەلایەن تورکیاوە بۆ ڕێکخراوی داعش و پەسەندکردن و پاڵپشتیکردنی حەماس بێدەنگ بوو. بە هەمان شێوە لە بەرامبەر دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵویشدا بێدەنگیی هەڵبژارد، تەنانەت لە کاتێکدا کە بەرپرسانی دیکەی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا هاتنە دەنگ.
لە تەممووزی 2026دا، کەسایەتییە گاڵتەجاڕەکانی ڕووسیا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە سینیریئۆغڵوەوە کرد و یەکێکیان خۆی وەک نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا ناساند. پەیوەندیکەرەکە تۆمەتی خستە پاڵ کارێکینی دووەم، سەرۆکی کەنیسەی ئەرمەنی، و داوای هاوکاریی لە سینیریئۆغڵو کرد بۆ لادانی لە پۆستەکەی. سینیریئۆغڵو لە وەڵامدا گوتی: «باشە، هەموو هەوڵێکی خۆم دەدەم؛ هەوڵ دەدەم». لێدوانێکی لەم شێوەیە نیشانی دەدات کە سینیریئۆغڵو بە سووکایەتی و بێباکییەوە مامەڵە لەگەڵ بنەمای حەوتەمی ڕێککەوتننامەی هێلسینکی تایبەت بە ئازادیی ئایینی دەکات.
لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا، تورکیا بووەتە یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان و لە ڕیزی بێلاڕووس و میسردایە. ئەمەش تەنیا بەهۆی سەرکردەی تورکیاوە نییە، بەڵکوو دەرەنجامی بێدەنگی، ترسنۆکی و تێوەگلانی کەسانی وەک سینیریئۆغڵویشە.
هەموو ئەمانە بەسن بۆ ئەوەی سینیریئۆغڵو وەک کەسایەتییەک لەو پۆستە بێبەش بکرێت، بەڵام خودی بیرۆکەی سەرۆکایەتیکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان یان هەر ڕێکخراوێکی دیکە لەلایەن هەر تورکێکەوە، دەبێت لەبەر هۆکاری دیکەش هەر لە بنەڕەتەوە ڕەت بکرێتەوە. تورکیا زیاتر لە نیو سەدەیە قوبرسی داگیر کردووە. ئەو بانگەشەیەی کە گوایە خواستی پاراستنی کەمینەی موسڵمانی قوبرس پاڵنەر و پاساوی داگیرکارییەکەی تورکیا بووە، قسەیەکی پڕوپووچە؛ چونکە بەشی هەرە گەورەی داگیرکارییەکە دوای تێپەڕبوونی قەیرانی قوبرس و لە کاتێکدا ڕووی دا کە هەردوو لا لە جنێڤ سەرقاڵی دانوستانی ئاشتی بوون. بە کورتی و بە کوردی، تورکیا خاکی یەکێتیی ئەوروپای داگیر کردووە و تا ئەو کاتەی ئەو داگیرکارییە بەردەوام بێت، نابێت هیچ تورکێک پۆستی سەرکردایەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان یان هەر ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیدا پێ بدرێت، و ناشبێت هیچ حسابێک بۆ تورکیا بکرێت بۆ میوانداریکردنی دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.





