ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: مەسعود پزیشکیان چارەسەری برینە قورسەکانی موجتەبا دەکات

میدیای ئیسرائیل نوێترین زانیاریی لەبارەی تەندروستیی ڕێبەری باڵای ئێران ئاشکراکردووە و باس لەوەکراوە، موجتەبا خامنەیی ئێستا لەلایەن تیمێکی پزیشکیەوە چارەسەری ئەو برینانەی بۆ دەکەن کە لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل لە بەیانی 28ی شوباتی ڕابردوودا تووشی بووە، بە دیاریکراویش سەرۆک کۆماری ئێران چارەسەری موجتەبا دەکات.

ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت-ی عیبری ئاماژەیان بەوە کردووە کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بەو پێیەی خۆی پزیشکی نەشتەرگەری دڵە، ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی چارەسەرکردنی موجتەبا خامنەیی دەکات و وەزیری تەندروستیش لەم پرۆسەیەدا هاوکاری دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، سەرەڕای ئەوەی خامنەیی لە هێرشەکەدا بە سەختی بریندار بووە، بەڵام خاوەن مێشکێکی ڕوونە و بە باشی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا پەیوەندی دەبەستێت.

ڕۆژنامە عیبرییەکە زانیاری دیکەی بڵاوکردووەتەوە کە پشتی بە چوار بەرپرسی ئێرانی ئاگادار لە تەندروستی خامنەیی بەستوە و جەخت دەکاتەوە کە سێ نەشتەرگەری بۆ یەکێک لە قاچەکانی کراوە و ئێستا چاوەڕوانی چاندنی پەلی دەستکرد دەکات. هەروەها موجتەبا نەشتەرگەریی بۆ یەکێک لە دەستەکانی کراوە و وردە وردە توانای کارکردنی بۆ دەگەڕێتەوە.

ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە دەموچاو و لێوەکانی ڕێبەری باڵا تووشی سووتانی زۆر بوون، ئەمەش وایکردووە قسەکردن بۆی زۆر سەخت بێت و لە کۆتاییدا پێویستی بە نەشتەرگەری جوانکاری دەبێت.

هاوکات، هەندێک سەرچاوە بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز-یان ڕاگەیاندووە کە خامنەیی تا ئێستا هیچ گرتەیەکی ڤیدیۆیی یان دەنگیی تۆمار نەکردووە، چونکە نایەوێت لە یەکەم دەرکەوتنی گشتیدا بە لاوازی یان بێدەسەڵاتی دەربکەوێت. لە جیاتی ئەوە، خامنەیی تەنها چەند بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردووەتەوە کە لە ئینتەرنێت بڵاوکراونەتەوە و لە تەلەفزیۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە خوێنراونەتەوە.

خامنەیی ڕۆژانە نامەی دەستنووس وەردەگرێت کە بە مۆرکراوی لە ناو زەرفدا بۆی دەنێردرێت، ئەم نامانەش لە ڕێگەی زنجیرەیەک لە نێردراوەکان دەگاتە دەستی خامنەیی کە نامەکان دەست بە دەست دەگوازنەوە. بەگوێرەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، نێردراوەکانی خامنەیی پێش گەیشتن بە حەشارگەکەی، بە ناو شوێنی دیکەدا دەڕۆن بۆ ئەوەی شوێنی حەشارگەکەی بشارنەوە.

هەروەها فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و بەرپرسە باڵاکانی حکومەت سەردانی خامنەیی ناکەن، لە ترسی ئەوەی نەوەک ئیسرائیل شوێنەکەی ئاشکرا بکات.

لە هەمان چوارچێوەدا، نیویۆرک تایمز تیشکی خستووەتە سەر پێکهاتەی سەرکردایەتی باڵا لە ئێران؛ بەپێی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ڕۆژنامەکە کردووە، ئەوانەی ئێستا کاروباری وڵات بەڕێوە دەبەن لە بوارەکانی ئاسایش، جەنگ و دیپلۆماسی، گروپێکن لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و هاوپەیمانەکانیان. لە کاتێکدا موجتەبا خامنەیی وڵات بەڕێوە دەبات بەو شێوەیەی کە لە “سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی” دەچێت، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر پشت بە ڕێنماییەکانی ئەنجومەنەکە دەبەستێت، ئەمەش دڵخوازی جەنەڕاڵەکان نییە.

ڕاپۆرتەکە ناوی چەند کەسێکی دیاریکراوی هێناوە، لەوانە: ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی سوپای پاسداران، جەنەڕاڵ محەمەد باقر زولقەدر کە بەم دواییانە وەک سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشانکرا، و جەنەڕاڵ یەحیا ڕەحیم سەفەوی کە ڕاوێژکاری باڵای سەربازی بوو بۆ عەلی خامنەیی (ڕێبەری پێشوو) و موجتەبای کوڕی.

جەنەڕاڵەکان ئەو جەنگەی ئێستا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیلدا دەگوزەرێت وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر مانەوەی ڕژێم دەبینن، بەڵام دوای 5 هەفتە لە شەڕی سەخت، دڵنیان لەوەی سەرکەوتوو دەبن لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو هەڕەشەیە. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان لە هەموو قۆناغەکانی بڕیارداندا، سەرکردایەتی داڕشتنی ستراتیژ و دابینکردنی سەرچاوەکانیان کردووە.

بەپێی سەرچاوەکان، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە لەو دانوستانانەی کە ئێستا لەگەڵ واشنتۆن بەڕێوەدەچن پەراوێز خراوە، لە کاتێکدا ئەو پێش جەنگ سەرپەرشتی ئەو دانوستانانەی دەکرد، ئێستا محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمان شوێنی گرتووەتەوە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە موجتەبا خامنەیی، لایەنگری جەنەڕاڵەکان بووە و زۆر بە دەگمەن دژایەتی بڕیارەکانیانی کردووە. بەرپرسانی باڵای ئێران و 3 کەسی دیکە کە موجتەبا خامنەیی دەناسن، لە چاوپێکەوتنەکاندا لە تارانەوە بە ڕۆژنامەی تایمز-یان ڕاگەیاندووە کە پشت بەستنی موجتەبا خامنەیی بە سەرکردەکانی سوپای پاسداران لە پێگە نوێیەکەی و لە نەبوونی جێگەی سیاسی و هەژموونی ئایینییەوە سەرچاوە دەگرێت (ئەو خاڵانەی کە ئەو هێزەیان بە باوکی دەبەخشی)، جگە لە پەیوەندییە کەسییە توندوتۆڵەکانی لەگەڵ جەمسەری سوپای پاسداران.

Back to top button