
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی هەینیی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گلەیی لەو لێدوانە توندانە کردووە کە لەلایەن بەرپرسانی باڵای تورکیا و بەتایبەت ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە دژی ئیسرائیل دەدرێن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کە ڕۆژنامەی (تایمز ئۆف ئیسرائیل) بڵاویکردوەتەوە، نەتانیاهۆ داوای لە ترەمپ کردووە چەک و کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو، بە هێزی ئاسمانیی تورکیا نەفرۆشێت.
هاوکات چاوەڕوان دەکرێت لە لووتکەی ئەم هەفتەیەی ناتۆ لە ئەنقەرە، ترەمپ و ئەردۆغان تاوتوێی داواکارییەکەی تورکیا بکەن بۆ گەڕانەوە بۆ ناو پڕۆژەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەکانی ئێف-35.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکیش ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر هەیە ترەمپ داوا لە ئەردۆغان بکات لێدوانە توندەکانی دژی ئیسرائیل کەم بکاتەوە.
پێشتریش ددانپێدانانی ئیسرائیل بە جینۆسایدی ئەرمەنەکاندا تووڕەیی تورکیای لێکەوتبووەوە، بە جۆرێک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، جارێکی تر ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی جینۆساید تۆمەتبار کردەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کوژرانی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە.
پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی غەززەوە بە تەواوی تێکچووە، کار گەیشتووەتە ئەوەی ئەردۆغان بەراوردی نێوان بنیامین نەتانیاهۆ و ئەدۆڵف هیتلەر بکات.





