
هێشتنەوەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا بە دوور لە ململانێی حزبی، بە دەستنیشانکردنی بەیان سامی عەبدولڕەحمان (لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان) بۆ جێگرتنەوەی قوباد تاڵەبانی لە ساڵی 20212دا، هەوڵدرا وا نیشان بدرێت کە نوێنەرایەتیەکە بێلایەنە.
لە ماوەی کارکردنیدا، بەیان سامی بەردەوام بوو لە چالاکییەکانی لۆبیکردن و بوونی پەیوەندییە گشتییەکانی حکومەتی هەرێم لە واشنتۆن، کە هاوکات بوو لەگەڵ قۆناغێکی هەستیار؛ لەوانە شەڕی داعش، قەیرانی دارایی هەرێم و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ساڵی 2017. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا، عەبدولڕەحمان پەیوەندییە دێرینەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی (BGR) و (Greenberg Traurig) پاراست و چەندین داکۆکیکاری نوێی بۆ لیستی پارێزەرانی بەرژەوەندییەکانی هەرێم لە ئەمریکا زیاد کرد.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان کە ئێستا ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی دەرەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانە، ئامادە نەبوو بۆ ئەم بابەتە چاوپێکەوتن ئەنجام بدات. شوێنگرەوەکەشی “تریفە عەزیز” کە لە ساڵی 2023ەوە بووەتە بەرپرسی فەرمانگەی حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا، ئەویش لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی ئەم ڕاپۆرتەدا چاوپێکەوتنی ڕەتکردەوە.
لۆبیکردن لە واشنتۆن بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە پەیوەندییە دێرینەکان دەبەستێت. سەرچاوەیەک لە واشنتۆن ڕوونی کردەوە: “بێگومان، پەیوەندییە کەسییەکان لەم جیهانەدا زۆر گرنگن، چ جا کارکردن بێت لەگەڵ لایەنە بیانییەکان یان کارکردن لەگەڵ خەڵکانی ناو کۆنگرێس و کۆشکی سپی.”
زۆرجار پارێزەر و پسپۆڕەکان کاتێک دەچنە کۆمپانیایەکی نوێ، کڕیارەکانیشیان لەگەڵ خۆیان دەبەن. “دەیڤید تافوری” کە پارێزەرێکی دێرینی واشنتۆنە، نموونەیەکی دیاری ئەم جۆرە کارەیە. لە سەرەتادا، ئەو بەشێک بوو لە تیمێک لە کۆمپانیای (Patton Boggs) کە لە ساڵی 2013دا ئەرکی پێسپێردرا بۆ لابردنی ناوی پارتی و یەکێتی لە لیستی “ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان” (پۆلێنی سێیەم) لە ژێر یاسای پاتریۆتی 2001دا. ئەو پۆلێنکردنە گشتگیرە، کە لەسەر بنەمای ڕابردووی ئەو حیزبانە وەک گرووپی چەکداری شۆڕشگێڕ دانرابوو، بووبووە هۆی ئەوەی ئەندامانیان بە زەحمەت ڤیزا و مافی نیشتەجێبوون لە ئەمریکا بەدەستبهێنن.
ئەو 67 هەزار و 325 دۆلارەی حکومەتی هەرێم بۆ کۆمپانیای (Patton Boggs) خەرجی کردبوو (بەپێی ڕاپۆرتی فارای وەزارەتی داد لە ساڵی 2014)، پارەیەکی بەهەدەرنەچوو بوو؛ چونکە هەردوو حیزب بە فەرمی لە چوارچێوەی یاسای ڕێپێدانی بەرگریی نیشتمانیی 2015 (NDAA) لەو لیستە لادران.
لە ساڵی 2015، تافوری چووە کۆمپانیایەکی نوێ بە ناوی (دینتۆنس – Dentons) و مەلەفی کوردی لەگەڵ خۆی برد. لەوێ یارمەتی دامەزراندنی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمریکا-کوردستان (USKBC)ی دا و لەسەر کۆمەڵێک پرسی فراوان بەناوی هەولێرەوە کاری کرد. گرێبەستی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای (Dentons) لە کاتی واژۆکردنیدا لە 2015دا، بڕی 20 هەزار دۆلار بووە.
تافوری چاوپێکەوتنی ڕەتکردەوە و ڕوونی کردەوە کە لە ساڵی 2019ەوە کارە کەسییەکانی لۆبیکردن بۆ هەرێم ڕاگرتووە، بەڵام هێشتا وەک سەرۆکی (USKBC) ماوەتەوە. پەیوەندییەکانی ئەو لەگەڵ هەرێم بووە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکەی ئێستای (ArentFox Schiff) کار بەدەستبهێنێت، کە تێیدا کەسانی تر بەردەوامن لە لۆبیکردن بۆ حکومەتی هەرێم بە گرێبەستێکی مانگانە کە 20 هەزار دۆلارە.
دوایین بەڵگەنامەکانی (ArentFox Schiff) نیشانی دەدەن کە بەناوی هەولێرەوە هەوڵی داوە بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوە لە کۆنگرێس لە سەرەتای ئەمساڵدا بۆ بەیان سامی عەبدولڕەحمان و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم، تاوەکو “باس لە گۆڕانکارییە سیاسی و ئاسایشییە نیشتمانییە بەپەلەکان بکەن کە کاردەکەنە سەر ناوچەکە.”
تازەترین کۆمپانیا کە بۆ لیستی لۆبی هەرێم زیاد کراوە (Chartwell Strategy Group)ـە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی کاری پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندن بۆ هەرێم دەکات. گرێبەستەکەی لە ساڵی 2024 دەستی پێکردووە و مانگانە 25 هەزار دۆلاری بۆ خەرج دەکرێت. ئەم کۆمپانیایە بەرپرسە لە گەیاندنی پەیامی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی ئەمریکا. پێش سەردانەکەی مەسرور بارزانی لە ساڵی 2025 بۆ واشنتۆن، کارمەندانی ئەم کۆمپانیایە پەیوەندییان بە دەیان ڕۆژنامەنووسەوە کردووە بۆ پێدانی زانیاری دەربارەی گەشتەکە.
بەڵگەنامەکانی (FARA) نیشانی دەدەن کە پەیوەندی بە ڕۆژنامەنووسانی دەزگا سەرەکییەکانی وەک ڕۆیتەرز، پۆلیتیکۆ و نیویۆرک تایمز کراوە. بەڵام ئەوەش دەرکەوتووە کە بارزانی هیوای خواستووە بچێتە ناو ژینگەی میدیایی ڕاستڕەوەکانەوە، ئەوەش لە ڕێگەی ناردنی ئیمەیل بۆ (Breitbart)، (The Washington Free Beacon)، (The Daily Caller) و چەندین دەزگای تر. هەروەها کۆمپانیای چارتوێڵ یارمەتی داوە بۆ ڕێکخستنی دەرکەوتنی بارزانی لە کەناڵی فۆکس نیوز و ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ پێشکەشکار “برێت بایەر”.
هەندێک جار حکومەتی هەرێم و وەزارەتەکانی کۆمپانیاکان بۆ پرسی سیاسی دیاریکراو بەکرێ دەگرن. کۆمپانیای ڕاوێژکاریی ستراتیژی (PASS) لە ساڵی 2017 لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە گرێبەستی لەگەڵ کرا بۆ دامەزراندنی “سندوقی کردەوە مرۆییەکانی هەرێم” و ڕێکخستنی کۆنفرانسێک بۆ کۆکردنەوەی پارە، تاوەکو باری دارایی سەر شانی هەولێر بۆ میوانداریکردنی ئاوارە و پەنابەرانی شەڕی داعش سووک بکات. تێچووی سەرەتایی گرێبەستەکە ساڵانە 684 هەزار دۆلار بووە. لە کۆتاییدا سندوقەکە هەرگیز دانەمەزرا و کۆنفرانسەکەش ئەنجام نەدرا، گرێبەستەکەش لە کۆتایی 2023دا نوێ نەکراوەتەوە. سەرچاوەیەکی کوردی وتی کە کۆمپانیای (PASS) سوودی هەبووە لە دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان هەرێم و کەنیسەی (Mormons)، کە لە ساڵی 2019ەوە هاوکاری دارایی چەندین پڕۆژەی مرۆییان کردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BCF).
جیهانێکی ناڕوون
جگە لەم گرێبەستە ئاساییانەی شەقامی کەی (K Street)، چەند لایەنێکی تری تۆمارکراو لە (FARA) هەن کە پێدەچێت پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان بە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانەوە هەبێت، بەڵام بەڵگەنامەی کەمتریان لەسەرە.
لە ساڵی 2024، “کۆمیتەی کوردی ئەمریکی” (AKC) وەک نوێنەری حکومەتی هەرێم لە (FARA) تۆمار کرا. ئامانجی بریتییە لە “بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی و مێژوو و کولتوورەکەی” لای حکومەتی ئەمریکا و کۆنگرێس. کەسی پەیوەندیدار لەم کۆمیتەیە “مەجید گلی” ڕۆژنامەنووسی پێشووی ڕووداوە، کە لەسەر کاغەزەکان بە ناوی (عەبدولمەجید عەبدولمەجید) ناسێنراوە.
گرێبەستێک کە لەلایەن “شەعبان شەعبان چالی”، بەرێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی واژۆ کراوە، دەریدەخات کە “گلی” مانگانە 16 هەزار و 500 دۆلار وەک مووچە و 10 هەزار دۆلاریش وەک خەرجی وەردەگرێت بۆ کارەکەی وەک “ڕاوێژکاری تایبەت بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و دامەزراوە جیهانییەکان”، کە کۆی گشتی دەکاتە 318 هەزار دۆلار لە ساڵێکدا. ئەگەر گرێبەستەکە چوار ساڵ بخایەنێت، ئەوا بڕی 1 ملیۆن و272 هەزار دۆلار بۆ گلی دەبێت. “گلی” هەندێک جار وتاری لە میدیا ڕاستڕەوەکانی ئەمریکا بڵاوکردووەتەوە، لەوانە وتارێک لە فۆکس نیوز لە 22ی نیسان کە تێیدا پشتگیری لە بڕیارەکەی تڕەمپ کرد بۆ چوونە ناو جەنگ لەگەڵ ئێران.
هەروەها “ئەنجومەنی پاراستنی کورد” (KPAC) کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و لەلایەن “ئینتیفاز قەنبەر”ەوە بەڕێوەدەبرێت، وەک لایەنێک کە بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە کاردەکات تۆمار کراوە. لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە کە مەسرور بارزانی و عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیران، کەسانی سەرەکیی پەیوەندیدارن. بەپێی دوو سەرچاوەی کوردی، لە سەردەمی بەیان سامی عەبدولڕەحماندا، نوێنەرایەتی هەرێم قەنبەریان لە خۆیان دوورخستبووەوە چونکە چالاکییەکانی بە گونجاو نەدەبینرا، بەڵام ئێستا قەنبەر پشتگیرێکی سەرسەختی تریفە عەزیزە و لە تویتێکدا دەڵێت: “ئێمە بە تەواوی دڵمانەوە بڕوامان بەو هەڵبژاردنەی مەسرور بارزانی هەیە”.
“مەنسوور بارزانی”، فەرماندەی پێشمەرگە و بازرگان و برای بچووکی مەسرور بارزانی، لە ڕابردوودا دەستی هەبووە لە پڕۆسەکانی لۆبی لە ئەمریکا، بەڵام ئێستا نوێنەرایەتییەکی چالاکی نییە. لە ساڵی 2017، لقی حەوتی پارتی دیموکرات کۆمپانیای پارێزەری (diGenova & Toensing)ی بە گرێبەستێکی مانگانە 50 هەزار دۆلار بۆ مەنسوور بارزانی گرتووە، بە ئامانجی گەیاندنی زانیاری دەربارەی ڕیفراندۆمی 2017 و بودجەی وەزارەتی بەرگری (DOD). خاوەنانی ئەم کۆمپانیایە بە بڵاوکردنەوەی تیۆرییەکانی پیلانگێڕی ڕاستڕەوەکان ناسراون و بەشێک بوون لە تیمی یاسایی ترەمپ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی 2020.
مەنسوور بارزانی ئێستا لەلایەن وەزارەتی دادەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە بە تۆمەتی ساختەکاری و بەرتیل وەرگرتن لە گرێبەستەکانی دابینکردنی سووتەمەنی لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2020 . هەروەها کۆشکێکی 30 ملیۆن دۆلاری لە “بێڤەرلی هیڵز” کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مەنسوور بارزانی، ئێستا کەوتووەتە ژێر سکاڵای دەستبەسەرداگرتنی شارستانی.






