پارتی و یەکێتی چۆن لێدوانی ئەرێنی بەکاردەهێنن بۆ خۆدزینەوە لەو کێشانەی کە خۆیان دروستیان کردوون؟

ئەم ڕۆژانە، سیاسەتی هەرێمی کوردستان بە سستی و بنبەستیەکی قووڵ دەناسرێتەوە. بەڵام ئەگەر سەیری ئەو زمان و ڕەوانبێژییە بکەیت کە سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەکاری دەهێنن، وا دەردەکەوێت کێشەیان نەبێت.

لە بەیاننامە بێشومارەکانیاندا، ئەوان هەمیشە “ئامادەن” بۆ ئەوەی هەرچی پێویست بێت بیكەن لەپێناو بەدیهێنانی پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا، بەڵام کۆنەبوونەوەیان هەڵوێستی ڕاستەقینەیان دەردەخات. لە ڕاستیدا، ئەوان بۆ هەر شتێک ئامادە بن، بۆ ئەمەیان ئامادە نین.

کاتی ئەوە هاتووە ئەم ڕەوانبێژییە لە لێدوانەکانیاندا وەک زەنگێکی مەترسیدار نیشان بدرێت. ئەمە ڕێگەیەکە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و نیشاندانی دۆخە سیاسییەکان بە شێوازێکی ئەرێنی، لە کاتێکدا کە هەردوو پارتەکە پێداگری لەسەر هەڵوێستەکانی خۆیان دەکەن و سازش ناکەن. ئەم زمانە، زیاتر نیشانەی نەبوونی نیەتی چاکە، نەک ئەو نەرمییەی کە لە ڕەوانبێژییەکەدا دەردەکەوێت.

بۆ نموونە، سەیری ئەو ڕیتمە خاو و قورسە بکەن کە لە پێکهێنانی کابینەی نمونەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە. دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، کە خۆی لە بنەڕەتدا زیاتر لە دوو ساڵ دوای وادەی دیاریکراوی خۆی بەڕێوەچوو، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوو پارتەکە نەیانتوانی لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەکە ڕێکبکەون. لەو کاتەوە، پارتی و یەکێتی دانوستانی پچڕپچڕیان ئەنجامداوە، بەڵام پێشکەوتنێکی کەمیان بەدەستهێناوە.

سەرباری ئەمەش، ئەگەر لێدوانەکانیان وەک خۆی و بە ڕواڵەت وەربگیرێت، هیچ کامێکیان لەوە ئامادەتر نین بۆ پێکهێنانی حکومەت.

بەهۆی ئەم هەموو ئامادەییەی هەردوولا، ڕەنگە سەرسوڕهێنەر بێت کە دوو پارتە دەسەڵاتدارەکە نەیانتوانیوە دوای زیاتر لە 600 ڕۆژ — و بەردەوامیشە — بگەنە ڕێککەوتن.

له‌ 6ی تشرینی دووه‌می 2025، پارتی لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە باسی لە گفتوگۆ چەقبەستووەکان کرد. ئەو حزبە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “مەسعود بارزانی لە نزیکەوە پاڵپشتی پرۆسەکەی کردووە، و ئامادەیە بۆ دڵنیابوون لە ڕێککەوتنێکی بەهێز و جێبەجێکردنی”، هاوکات یەکێتی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ڕەتیدەکاتەوە لەسەر مەرجەکان ڕێکبکەوێت.

نزیکەی حەوت مانگ دواتر، لە 31ی ئایاردا، کاتێک دەرکەوت لە ڕێککەوتن نزیک نین، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پشکی یەکێتی ڕایگەیاند: “ئێمە ئامادەین. من سبەینێ ئامادەم، و دوو بەیانیش ئامادەم.”

بەڵام چاودێرانی سیاسەتی هەرێمی کوردستان بەم دۆخە سەرسام نابن. پارتی و یەکێتی خاوەنی دوو دیدگای بنەڕەتی جیاوازن بۆ ئەوەی حکومەتی داهاتوو چۆن بێت، و بە جۆرێک لە ناو سەنگەرەکانیاندا چەقیون کە شوێنێکی کەمیان بۆ سازشکردن هێشتووەتەوە.

پارتی وەک پارتە گەورەکە، دەیەوێت بە جۆرێک حوکمڕانی بکات کە ڕەنگدانەوەی پێگەی باڵادەستی خۆی بێت. سەرەڕای ئەمەش، ئەو ڕاهاتووە بە پیادەکردنی دەسەڵات بەو شێوازەی کە لە کابینەی نۆیەمدا هەیبوو. پێی وایە ئەمە سوودی دیار و بەرجەستەی بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە، لەوانەش باشترکردنی ژێرخان، کەرتی بانکی و کارەبا. لە دیدی ئەودا، گۆڕینی هاوکێشەی حوکمڕانی تەنها دۆخی هەرێم ئاڵۆزتر دەکات.

یەکێتی لە دوای زیاتر لە دەیەیەک لە پارچەبوونی ناوخۆیی و باڵباڵێن، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی دەسەڵاتی بەراورد بە پارتی. ئامانجی ستراتیژی سەرەکی ئەو، زیندووکردنەوەی “هاوبەشی”یە لە حوکمڕانیدا و هاوسەنگکردنەوەی تەرازووی دەسەڵاتە.

بەهۆی ئەم هەڵوێستە دژ بەیەکانەوە، ڕوونە بۆچی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت پێش نەکەوتوون.

له‌به‌ر ئه‌وه‌، زەحمەتە بڕوا بەوە بکرێت کە هیچ کام لەو دوو پارتە “ئامادە ین هەموو مافێکی حزبی خۆمان لەپێناو گەلەکەماندا بەخت بکەین،” وەک ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی جارێک بەڵێنی دابوو.

ڕاگەیاندنی “ئامادەیی” لە ڕواڵەتدا ئەرێنییە، بەڵام گوزارشت لەوە دەکات کە مەرجگەلێک هەن کە لە ژێر سایەیاندا هیچ هەنگاوێک دەنرێت. “ئامادەبوون” هەمان مانای “جێگیربوون” یان “دەستپێکردن” نادات. ئەگەری دەستپێکردنێکی شکستخواردوو هەمیشە لە ئارادایە.

ئەم دەربڕینانە سنووری ڕوون بۆ کاری سیاسی دادەنێن، بەڵام زۆرجار بە نادیاری دەهێڵرێنەوە. ئەم ناڕوونییە ڕێگە بە پارتەکان دەدات کە پۆشاکێکی ئەرێنی بەبەر چەقبەستووییدا بکەن یان هەوڵی بەدەستهێنانی باڵادەستی بەسەر نەیارەکانیاندا بدەن.

لەکۆتاییدا، جێی سەرسوڕمان نییە کە ئەو زمانە ڕەوانبێژییە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە بەیاننامەکانی حکومەتی هەرێمدا سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش بەکاربهێنرێت؛ کە ئەمەش گۆڕەپانێکی دیکەیە کە هەڵوێستە دژ بەیەکەکان.

بۆ نموونە، هەولێر و بەغدا لە مێژەوە لەسەر سیاسەتی سەربەخۆی نەوتی هەرێمی کوردستان ناكۆكن. هەردوولا دەتوانن ڕێککەوتنی کاتی ساز بکەن، بەڵام ئەم ڕێککەوتنانە بە ناچاری تێکدەچن کاتێک هیچ لایەک مەرجەکانی بە تەواوی جێبەجێ ناکات. ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها دووبارەکردنەوەی خولیی و بێزارکەری ڕەوانبێژییە و هەردوولا دەڵێن: ئامادەین بۆ ڕێککەوتن.

گەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2015، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە “هەولێر خوازیارە ڕێککەوتنێکی نوێی نەوتی لەگەڵ بەغدا واژۆ بکات.”

چوار ساڵ دواتر، لە ساڵی 2019دا، وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بارزانی وتی کە “هەولێر خوازیارە ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی عێراق بکات بەپێی ڕێککەوتنەکە.”

چوار ساڵ دواتر، لە ساڵی 2023دا، ئەو وتی کە “هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ عێراق لەسەر بنەمای دەستووری وڵات.”

ئێستا بەرپرسانی حکومەتئ فیدراڵیش پەنا بۆ ئەم ڕەوانبێژییە دەبەن.

لە تشرینی یەکەمی 2023دا، کاتێک هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی حکومەتی هەرێمەوە شەش مانگ بوو ڕاگیرابوو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە “حکومەت ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە”.

لەم دواییانەشدا، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە بەکارهێنانی هەمان ڕەوانبێژیی بۆ پیشاندانی ڕۆحیەتی هاوکاری بۆ هاوتا فیدراڵییەکانی. لە میانی سەردانێکی ئەم دواییەیدا بۆ پایتەختی عێراق، بارزانی باسی لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان کرد لە پرۆگرامی “ڕووناكی”، کە کارەبای 24 کاتژمێری لەسەر بنەمای پێوەری بەکارهێنان دابین دەکات، وەک شتێک کە بەغدا دەتوانێت بە هاوکاری هەولێر هاوشێوەی بکات.

ئەو لە 23ی ئایاردا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند: “ئێمە هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ بەشکردنی ئەزموونەکانمان بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق سوودی لێ وەرگرێت. ئێمە ئامادەین.”

ئەمە نموونەیەکە لەو سیاسەتە کەم تێچووەی کە پشت بە ڕەوانبێژی دەبەستێت. ئەمە سوودێکی گەورەی هەیە لە داڕشتنی چاوەڕوانییەکان و گەڕان بەدوای باڵادەستیدا، بەڵام کاتێک ڕێککەوتنەکان نایەنە دی یان جێبەجێ ناکرێن، ڕەوانبێژییەکە هیچ دەرئەنجامێکی لێ ناکەوێتەوە.

ئەوەی کە نابێت لەم ڕەخنەیەدا ون ببێت ئەوەیە کە بێگومان دەبێت پارتی، یەکێتی و هەر کەسێکی تر کە لەوبەری مێزەکەوە دانیشتووە، ئامادە و خوازیار بن بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتن. ئەمە بەشێکی پێویستە لە پێشکەوتن.

بەڵام پێویستە لایەنەکان بیسەلمێنن کە وشەکان خاوەن مانان، نەک تەنها وەک ئامرازێکی ڕەوانبێژیی بەتاڵ بن، کە ئێستا بووەتە نیشانەیەک بۆ نیەت خراپی و چەقبەستوویی.

Winthrop Rodgers
بۆچوونی زیاتر
Back to top button